ئەمریکا ھۆشداری دەداتە گۆڕان
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، نوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بە درێژی گفتوگۆیان لە گەڵ حزبی دەعوەدا کردووە سەبارەت بەوەی کە گۆڕان لایەنگریی پرۆژەکەی عەبادی بکات لە گۆڕینی وەزیرەکانی ئەم کابینەیە بە کەسانی تەکنۆکرات، لەبەرامبەریشدا حەیدەر عەبادی پشکی کورد لە حکوومەتە تەکنۆکراتەکەدا بداتە گۆڕان و سەرپشکی بکات لەوەی کە وەزیرێکی نزیک لە خۆی دابنێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، گفتوگۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێکی تری کورد لە بەغدا، لەگەڵ نوری مالیکی و عەبادی و حزبی دەعوەدا بەگشتی ماوەیەک لەمەوبەر دەستی پێکردووە و سەرەتاش مەبەستی گفتوگۆکان لە لایەن گۆڕانەوە بۆ ئەوە بووە کە پێشنیار بۆ حکوومەتی عێراقی بکات بەشێوەیەکی تایبەت مامەڵە لە گەڵ سلێمانیدا بکات، بە شێوازێک کە لەڕووی مادیشەوە ئەو بڕە بودجەیەی کە پشکی کوردە ھێندێکی بدرێتە پارێزگای سلێمانی و بیانووی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە لە رێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە.
بەپێی ھەمان سەرچاوە، ھەر ئەو گفتۆگۆیانە سەری کێشاوە بۆ ئەو پێشنیارە نوێیەی گۆڕان سەبارەت بە بەشداریکردنی لە حکوومەتە نوێکەی عێراق، کە عەبادی و موقتەدا سەدر ھەریەکەیان بەشێوەی خۆی دەیانەوێت بەناوی چاکسازییەوە پێکی بھێنن.
بەپێی سەرچاوەکە، بۆ مەسەلەی بەشداربوونی گۆڕان لەو حکوومەتە تەکنۆکراتەدا، نوێنەرانی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ رەوتی سەدریش دانیشتوون و ھەمان ئەو پێشنیارەی کە بۆ عەبادییان کردووە سەبارەت پشتیوانی و بەشداریی بزووتنەوەکەیان، لەگەڵ سەدریەکانیشدا باسیان کردووە.
بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، ھەر سەبارەت بەو ھەڵوێستەی گۆڕان کە پشتکردنە ھاوھەڵوێستیی کورد بووە لە بەغدا، ئەمریکاییەکان لە ئامەژەیەکدا ھۆشدارییان داوەتە نوێنەرانی بزووتنەوەکە لە بەغدا کە ئەوان رازی نابن بەو ھەڵوێستەی گۆڕان و سەرنجیشیان بۆ ئەوە راکێشاوە کە ئەمریکا بەگومانەوە لە ھەڵوێستی عەبادی و سەدر دەڕوانێت و پێشیوایە کە رەنگە ئەوەی بە ناوی چاکسازییەوە دەکرێت بۆ ئەوە بێت کە حکوومەتی عێراقی بکرێتە حکوومەتێکی تاکلایەنی و مەبدەئی تەوافوق پێشێل بکرێت، لەم روانگەیەوەش ئاگاداری گۆڕان کراوەتەوە کە نابێت دژی کۆدەنگی بێت لە بەغدا.
د. ئەشواف جاف پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رای گەیاند، عەبادی داوای کرد ھەر فراکسیۆنێکی کوردستان بە جیا لەسەر ئەو پرسە لەگەڵیاندا کۆ بێتەوە، بەڵام لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە رەت کرایەوە و ھەمووان بەیەکەوە لەگەڵ عەبادی دانیشتن، گوتی: “لە دوا ھەڵوێستیشدا فراکسیۆنی گۆڕان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە، بەڵام لە کوردستان ئەو جیاوازیە رووی داوە، کە رەنگە ئەوە پەیوەندیی بە دۆخی کوردستانەوە بووبێت”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەوان ئاگەداری ئەوە نین کە گۆڕان بە تەنیا ویستبێتی بەشداری لە حکوومەتەکەی عەبادیدا بکات، ئەگەریش بەنھێنی ئەوەی کردبێ ئەوە ھەڵەیەکی سیاسیی گەورەی کردووە.
لە بەیاننامەیەکیشدا ھەر چوار لایەنە سەرەکییەکەی کوردستان (پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی) دوای کۆبوونەوەیان دوێنێ دووشەممە لە سلێمانی، سەبارەت بە پرسی پێکھێنانەوەی حکوومەتی عێراق، رایان گەیاند، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، بەرپرسیاری راستەوخۆی پرۆسەی سیاسییە لەچارەنووسی سیاسیی کوردستان و پەیوەندیی کوردستان و بەغدا، لەبەرئەوە ھەموو جۆرە دەستتێوەردانێک بۆ دروستکردنی گیروگرفتی نابەجێ، لەرووی سیاسی، ئابووری، حوکمڕانی و چۆنیەتیی دیاریکردنی کاندیدەکانی کوردستان، بۆ تێکڕای پۆستەکان، بە دژی دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکان و سازانی نیشتمانیی وڵاتەکە دەزانین.
لای خۆیەوە شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ میدیای حزبەکەی رای گەیاندووە بەرژەوەندیی گەلی کورد لەوەدایە لە بەغدا یەکدەنگ و یەکڕەنگ و یەکھەڵوێست بن.
باسنیوز
