ئەمریکا پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکا
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ھەڵوێستی نافەرمیی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گوزراشتی لەوە کردووە کە ھاتنە ناوەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەم قۆناغەدا بۆ عێراق، بۆ ئامادەکاری و خۆسازدانە بۆ چەند ڕووداوێکی گەورە لە ناوچەکەدا، بەشێوەیەک مەسەلەی گشتپرسی و سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان کە ئەوان بە گرنگترین رووداوی ناوچەکەیان داناوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە کە بەشداریی کۆبوونەوەکە بووە، ھاتنی ھێزێکی ئەمریکایی تۆکمە بۆ بەشداری و تەنسیقکردن لەگەڵ ئەو ھێزانەدا کە بەشداریی رزگارکردنەوەی موسڵ دەکەن بۆ ناوچەی مەخمور، سەرەتای جێگێربوونێکی سیاسییانەی ئیلتزامێکی ئەمریکییە بە رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەوەی لە گشتپرسیدا خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە ئەمریکا لایەنگری ئەوەیە کە لە کاتی رزگارکردنی موسڵدا دەشتی نەینەوا بکەوێتە ژێر ھەژموونی ھەرێمی کوردستان و ئەو ناوچەیە وەکو دیوارێک بێت لەنێوان ناوچە سوننییەکان و ھەرێمی کوردستان و ھێزێکی ئەمریکاییش ئامادەیی لەوێ ھەبێت.
بەپێی سەرچاوەکە حکومەتی ئەمریکا پێیوایە مەسەلەی حکوومەتی تەکنۆکرات، ئایندەی عێراق بەرەو ئەو چارەنووسە نەخوازراوە دەکاتەوە کە دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی کورد زیاتر لە بەغدا دوور بکەونەوە و لایەنەکان کۆدەنگ بن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان، ھەروەھا سوننەکانیش چارەنووسێکی جیا لە عێراقی شیعی بۆ خۆیان دیاری بکەن.
بەپێی ئەوسەرچاوەیە ئەمریکا پێیوایە کە ھەنگاوە سەرەتاییەکانی سەربەخۆیی کوردستان لە ئێستاوە دەستی پێکردووە، ئەمریکا بیەوێت یان نا ئەوە روودەدات، لەبەرئەوە ناچارە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکات و پشتیوانیشی لێ بکات.
لای خۆیەوە سیناتۆر ڕێند پاڵ کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە کاتی بانگەشەکانی بۆ ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا، رای گەیاند کاتی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بکرێتە دەوڵەت و پێشمەرگەیش ڕاستەوخۆ پڕچەک بکرێ.
ئاشکراشی کرد کە پارتیی کۆمارییەکان بۆ ساڵی ٢٠١٦ دەیانەوێ کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن، چونکە ئەوە دەبێتە ھۆی ڕاگرتنی پارسەنگی سیاسیی ئەمەریکا لە ناوچەکە."
لای خۆیەوەش عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، ئەگەر ھەموو وڵاتان لە دژی سەربەخۆیی کوردستان بن ئەوە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی دەدات، گووتی ”چاوەڕێی ھەڵوێستی ئیجابی دەکەین لە ئەمریکا، بەلایەکی کەم ئەگەر پشتیوانیش نەبێ لە قۆناغی ئێستا ئەوە بڕوا ناکەین دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان بکات، لەگەڵ ئەوەش چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا ئەوەیە ئەو زوڵمەی بە شایەدیی خۆی لە کوردستان کراوە کە ئەو وڵاتێکی زلھێزی جیھانییە بە ھاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانان بۆ کوردی بگەڕێنێتەوە، لەو چوارچێوەیەش سەربەخۆیی کوردستان بچوکترین مافی گەلی کوردستانە“.
لای خۆیەوە بارزان جەوھەر مامۆستای کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەموو رەگەزەکانی بوون بە دەوڵەتی تیایدایە و تەنیا ئەوەندە ماوە رای ھاووڵاتیانی کوردستانی لەبارەوە وەربگیرێت و رابگەیەنرێ.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ھەرێمی کوردستان بەھۆی سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و ھەوڵە دیپلۆماسیەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە لە وڵاتان فەرشی سووری وەکو سەرکۆمارێک بۆ رادەخرێ، پێشبینی دەکرێ پشتیوانیی گەورەی بۆ دەوڵەت بەدەستھێنابێ، بەتایبەتیش لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
باسنیوز
