“بان کی مۆن بە بارزانی گوت، تۆ سەرپەرشتیی گەورەترین بەرەی جەنگ لە دژی داعش دەکەیت”
ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە، هاوکاریی دارایی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 28\3\2016، "کیفاح مەحمود"، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: “لە سەردانەکەیدا بۆ لای “مەسعود بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "بان کی مۆن"، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای گەیاندووە، لە نزیکەوە ئاگاداری شەڕی داعش و پێشمەرگەیە، بۆیە دەبێت کۆمەلگای نێودەوڵەتی بە زووترین کات، هاوکاری دارایی بە هەرێمی کوردستان ببەخشێت”.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، بارزانی بە وردی باسی پلانی چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. گوتیشی: “بان کی مۆن بە بارزانی گوتووە، من زۆر سوپاسی تۆ دەکەم کە سەرپەرشتیی بەرەیەکی گەورەی جەنگ لەگەڵ داعش دەکەیت".
جەختیشی لەوە کردەوە، لە کۆبوونەوەکەی بان کی مۆن، باسی قەیرانی دارایی کوردستان کراوە و گوتوویەتی: “سوپاستان دەکەم بەم قەیرانەوە، ئیدارەی جەنگ و ئاوارەکانیش دەدەن".
باسنیوز
