لە سلێمانی زۆرترین و لە دهۆك كەمترین باران باریوە
بارانبارین لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستانیش دوایین ئاماری بارانبارین دەخاتەڕوو، بەپێی داتاكان زۆرترین رێژەی بارانبارین لە 24 كاتژمێری رابردوودا لە سلێمانی باریوە و 48.4 ملم بووە.
فازیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان راگەیاند "بارانبارین تاوەكو نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 29-3-2016 بە بڕی جیاواز لە ناوچە جیاجیاكانی باشووری کوردستان بەردەوام دەبێت".
روونیشكردەوە "زۆرترین بڕی بارانبارین لە 24 كاتژمێری رابردوو لە پارێزگای سلێمانی بووە و 48.4 ملم باران باریوە، بەمەش كۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ لەو پارێزگایەدا گەیشتە 750.4 ملم، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشوو 131.3 ملم زیاترە، چونكە ساڵی پێشوو تاوەكو ئەم كاتە 619.1 ملم باران باریبوو".
بارانبارین لە پارێزگاكانی دیكەی باشووری كوردستان بەم جۆرە بووە:
پارێزگای هەولێر لە 24كاتژمێری رابردوودا 12.7 ملم بارانی لێ باریوە، كۆی گشتی بارانبارنی ئەمساڵ گەیشتووەتە 398.3 ملم و، ساڵی پێشوو لەم كاتەدا 327.2 ملم باران باریبوو، واتە 71 ملم باران زیاتر باریوە.
لە پارێزگای دهۆك لە 24 كاتژمێری رابردوودا 4.1 ملم باران باریوە، كۆی گشتی بارانبارین لەمساڵدا گەیشتە 525.2 ملم، ساڵی پێشوو تاوەكو ئەمكاتە 556 ملم باران باریبوو، بەمجۆرە 31 ملم باران كەمتر باریوە، واتە تەنیا لەو پارێزگایە بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمیكردووە.
لە پارێزگای هەڵەبجە لە 24 كاتژمێری رابردوودا 27.4 ملم باران باریوە، بەمەش كۆی گشتی بارانبارین لەمساڵدا گەیشتووەتە 632.4 ملم و، ساڵی پێشوو لەمكاتەدا 434.4 ملم باران باریبوو، واتە 198 ملمی زیاترە.
رووداو
