گوتەبێژی حکوومەت: بان کی مۆن پشتیوانیی خۆی بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەربڕیوە

 گوتەبێژی حکوومەت: بان کی مۆن پشتیوانیی خۆی بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەربڕیوە
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتیوانیی خۆی بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەربڕیوە.



سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەممە 26\3\2016ی نێوان “سەرۆك بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و “بان کی مۆن”، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەیەکی گشتگیر بوو و بان کی مۆن هەڵوێست و خۆڕاگریی هەرێمی کوردستانی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بەرز نرخاند".



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: "پێشمەرگەی کوردستان بە کردەوە سەڵماندوویەتی کە بەرگری لە مرۆڤایەتی دەکات و بەرەو ڕووی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووەتەوە". گوتیشی: “بان کی مۆن لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە پشتگیری لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند”.



سەفین دزەیی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان لەگەڵ بوونی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، هاوکات ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی لەخۆ گرتووە، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێز لەم کارانەی هەرێمی کوردستان دەگرێت و لە پشتیوانییەکانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەوەشی ئاشکرا کرد: “جیم یۆنگ کیم، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی کە لەو سەردانەدا یاوەریی بان کی مۆنی دەکرد، هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی بە جومێرانە وەسف کرد".



گوتەبیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتیشی کردەوە، سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی، پشتگیریی خۆیان لە بڕیارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.







باسنیوز
Top