سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرۆک بارزاني کۆدەبێتەوە
بە گوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ شەممە 26\3\2016، ”بان کی مۆن“، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە یاوەری هەریەک لە ”ژیم یۆنگ“، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی و ”ئەحمەد محەمەد“، سەرۆکی بانکی ئیسلامی بۆ بووژانەوە، سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی کۆدەبێتەوە. دواتریش لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، دەگەنە هەرێمی کوردستان.
لەمبارەیەوە ”کیفاح مەحموود“، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، ”بان کی مۆن“ لەگەڵ ”مەسعود بارزانی“، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دواتریش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدات.
لە لایەن خۆشیەوە، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، ئەو سەردانەی بان کی مۆن بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگ دەبێت و ئەنجامی دڵخۆشکەری دەبێت، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی کە پەیوەندی بە مەسەلە ئابوورییەکانەوە هەیە.
باسنيوز
