سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: لە دژی تیرۆر هەماهەنگیی لەگەڵ عێراق دەکەین
لە راگەیەندراوەکەدا، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە باسنیوز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە، ”سەرەخۆشی و ھاوسۆزیی“ش بۆ کەسوکاری کوژراو و برینداربووان رادەگەیەنێت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا، ئاماژە بەوەش دەکات، کە ”دواجار تیرۆریستان شکست و ڕووڕەشیان بۆ دەمێنێتەوە“ و بۆ ئەم مەبەستەش، هەرێمی کوردستان و عێراق ”لە شەڕی دژی تیرۆر، هەماهەنگیی و هاوکاریی یەکتر دەکەن“.
ئێوارەی رۆژی هەینی 24ـی ئاداری 2016، تەقینەوەیەک لە یاریگایەکی تۆپی پێی لە شارەدێی ئەسکەندەرییە لە باکووری پارێزگای بابل روویدا و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس.
دوای تەقینەوەکە، رێکخراوی توندڕەوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.
پارێزگای بابل دەکەوێتە 100 کیلۆمەتریی باشووری بەغدای پایتەختی عێراق و بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، یەکێک بوو لە شارە ئارامەکان.
باسنیوز
