بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی دھۆک پلانی بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی دھۆک پلانی بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز راگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی دھۆک ئەمڕۆ 19ی ئازار بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پۆلیس، ئاسایش، دادگا، تەندروستی و شارەوانی، پلانی خۆی راگەیاند بۆ ڕێکخستنی ھاتوچۆ لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا و رایگەیاند، نابێت ئۆتۆمبێڵی حکومی لەو رۆژەدا بەکاربھێنرێن.

رائید ئازاد تاھا، وتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک راگەیاند: "پۆلیسی ھاتوچۆ لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و قەزا و ناحیەکان لە رۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئامادەباشیدا دەبن، ھۆبەکانی لێکۆڵینەوەش کراوەدەبن ".

وتیشی: "بۆ رۆژانی جەژن کامێراکانی پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقامەکان دەبن و ھەر ئۆتۆمبێڵێک لەلایەن پۆلیسی ھاتوچۆوە بگیرێت تا دوای جەژن شۆفێرەکەی ناتوانێت وەریبگرێتەوە".

بەوتەی ئەو رائیدە: "ھەر شەقامێک لەلایەن پۆلیسەوە ھاتوچۆی تێدا قەدەغەبکرێت، دەبێت شۆفێران پابەندبن پێیەوە، پۆلیسی ھاتوچۆش لە شوێنی گەشتیاراندا ئامادە دەبن لەو رۆژەدا ".

وتەبێژی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک، ئەوەشی خستەڕوو: "هاوڵاتیان دەتوانن لەبوونی هەر پێویستییەک و کێشەیەکدا پەیوەندی بکەن بە ژمارە تەلەفۆنی (118)، کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدان و دەچن بە هانای هاوڵاتیانەوە".

وتەبێژی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک، داوای لە ھاوڵاتیان و شۆفێران کرد لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا پابەندی رێنماییەکانی ھاتوچۆبن بۆ ئەوەی سەیران و ئاھەنگەکانیان بەخۆشی تێپەڕێنن ".
Top