عادل عەبدولمەهدی: ئامادەم سەردانی هەولێر بکەم
عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق راگەیاند: لەمانگی حوزەیرانەوە هەرێمی کوردستان هیچ بڕە هەناردەیەکی نەوتی تەسلیمی بەغدا نەکردووە هەروەها حکومەتی ناوەندیش هیچ بڕە پارەیەکی لە پشکی 17%ی بودجەی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، ئەمە کەلێنێکی گەورەی دروستکردووە".
کێشەکە کۆبوونەوە نییە لەگەڵ هەولێر لەگەڵ برا و هاوڕێیانی شاخمان پرسەکە پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە، ئەگەر بە گفتوگۆش چارەسەر بێت ئامادەم سەردانی هەولێر بکەم، بەڵام ئاستەنگەکان گەورەن لەلایەن هەردوولا، هەرێمی کوردستان گوشاری تووندی لەسەرە ئێمە لەوە تێدەگەین هەروەک ئەوەی بەغداش گوشاری تووندی لەسەرە".
لەلایەکی دیکەوە حوسێن شەهرستانی، کە دەستێکی باڵای لە سیاسەتی نەوتی عێراقدا هەیە و لە حکومەتی بەغدادا وەزیرە، بە کورد دەڵێ"دەی باجی فرۆشتنی نەوتی خۆتان بدەن".
ئەم بگرە و بەردەیە لەسەر مەلەفی نەوتی کوردستان بە گەرمی لە دیداری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی هات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ"خوا ئەوەندەی بە کورد داوە، کورد منەتی کەس هەڵنەگرێ".
ئێستا دابەزینی نرخی نەوت، هانی بەغدا نادات لەگەڵ کورد بگاتە رێککەوتن و هەرێمی کوردستانیش هەموو ئۆمێدی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داناوە تاوەکو تەسلیمی ئیرادەی بەغدا نەبێتەوە.
رووداو
