فیلیپ هامۆند: دەبێت رووبەڕووی دابەزینی نرخی نەوت ببینەوە

 فیلیپ هامۆند: دەبێت رووبەڕووی دابەزینی نرخی نەوت ببینەوە
پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا(فلیپ ھامۆند) ده‌رباره‌ی قه‌یرانی داراییی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''دەبێت رووبەڕووی دابەزینی نرخی نەوت ببینەوە"، هه‌روه‌ها بەهێزکردنی سەرچاوە داراییە خۆجێییەکانی بە گرینگ ناو برد.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، كۆبوونەوەی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و (فلیپ ھامۆند) وەزیری دەرەوەی بەریتنانیا كۆتایی ھات و دواتر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ھاوبەش ساز درا.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەخێرھاتنی (فیلیپ ھامۆند) وەزیری دەرەوەی بەریتانیان كرد و رایگەیاند: "ھاتنتان نیشانەی ئەوەیە كە بەریتانیا بە بەرۆشە بۆ دۆخی عێراق بە گشتی و ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی، دەرفەتێكی بە به‌هایه‌ لەگەڵ ئێوه‌دا بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ بكەین و، دۆخی ناوچەكە بخیه‌نه‌ به‌ر باسه‌وه‌ و لەسەر پەیوەندیی دووقۆڵییش گفتوگۆ بكه‌ین، ئێمە بەڕێزەوە تەماشای سەردانت دەكەین".

هاوكات (فلیپ ھامۆند) گوتی: "زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك بۆ ئەو بەخێرھاتنەی كە ئاراستەی ئێمەت كرد، مانگێكی دیكە یادی 25ساڵەی پرۆسەی ئارامی ساڵی 1991ی ھەرێمی كوردستان دەكەینەوە، كە بەریتانیا رۆڵێگی گەورەی گێڕا لە پاراستنی ھەرێمی كوردستان، شەرەفمەندین كە ئەو دۆستایەتیەی ئێمە لەو كاتەوە تا ئێستا بەرەو پێشەوە دەچێت و زیاتر دەبێت".

گوتیشی: "خۆشحاڵین بەوەی كە توانیمان ئەو تەحەدیانەی رووبەڕووی عێراق و ناوچەكە دەبێتەوە لەگەڵ سەركردایەتیی كوردستان باس بكەین، زۆر روون و ئاشكرایە لە شەڕی داعش سەركەوتنی گەورە بە دەست ھاتووە و داعش لە تێكشكاندایە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ قارەمانییەتی و ئازایەتی و لێبوردەی ھێزی پێشمەرگە كە رۆڵی سەرەكی لە شكست پێھێنانی داعش.''

لەبارەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی، زۆرترین هاریکاریی مرۆیی ئاوارەکانیان کردووە؛ مەشقیشیان بە 3 هەزار پێشمەرگە کردووە.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا له‌ كۆنگه‌ره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كدا هه‌روه‌ها گەشبینیی خۆی بە دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان نیشان دا و گوتیشی "دۆستایەتیمان رۆژ دوای رۆژ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەچێت" و، لەو بڕوایەشدایە "سەرکەوتن بەسەر داعش بەدەست هاتووە."
Top