ھێمن ھەورامی: یوسف محەمەد وەک سەرۆکی پەرلەمان کۆتای ھاتووە

ھێمن ھەورامی: یوسف محەمەد وەک سەرۆکی پەرلەمان کۆتای ھاتووە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ”یوسف محەمەد“ وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی ھاتووە.

”ھێمن ھەورامی“، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو حزبە بە (کوردستان ٢٤)ی راگەیاندووە، دەبێ لە رێککەوتنی لایەنەکان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دووبارە ھەڵببژێردرێتەوە.

ھێمن ھەورامی ئاماژەی بە دوایین ھەڵوێستی حزبەکەی لەبارەی داھاتووی یوسف محەمەد کردووە و رایگەیاندووە، ”لای پارتی یەکلابووەتەوە، کە جارێکی دیکە یوسف محەممەد نابێتەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان".

ئەو سەرکردەیەی پارتی ھەروەھا رایگەیاندووە، کە یوسف محەمەد ”بەشێک نەبوو لە چارەسەر“ بۆ کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵکو ”ھۆکارێک بوو بۆ دروستکردنی کێشە و زیاتر ئاڵۆزکردنی“ رەوشی سیاسیی ھەرێمی کوردستان.

بەھۆی ئەوەی یوسف محەمەد لە کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان چووە پاڵ بزووتنەوەی گۆڕان و دژایەتیی خۆی بۆ پارتی راگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، لە سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمانی کوردستان دوورخرایەوە.
Top