ڕووسیا چەکی دژە فڕۆکە و تانک بۆ پێشمەرگە دەنێرێت
ژەنەڕاڵ "لیۆنید ئیڤاشۆڤ"، پسپۆڕی سەربازیی ڕووسی و بەرپرسی ئەکادیمیای کێشە جیۆپۆلۆتیکییەکان، بە ئاژانسی (ئینتەرفاکسی ڕووسی) ڕاگەیاند، کە چەکی دژەفڕۆکەی جۆری (ZU-23-2)، کە ڕووسیا بۆ هێزی پێشمەرگەی دەنێرێت، "زۆر کارایە لە دژی ھەلیکۆپتەر و ئۆتۆمبێلی سەربازی گوللەنەبڕ."
جەنەڕاڵ لیۆنید ئیڤاشۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو چەکانە، کە (رۆژی دووشەممە 14ــی ئاداری 2016 گەیشتوونەتە هەولێر)، ھی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتن، "ناتوانن فڕۆکەی مۆدێرن بخەنە خوارەوە، بەڵام لەتوانایاندایە ئۆتۆمبێلە سەربازییە گوللەنەبڕەکان بتەقێننەوە."
ڕۆژی چوارشەممە 16ـی ئادار، "ڤیکتۆر سیماکۆڤ"، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ حکومەتی عێراق، کاروانێکی ھاوکاریی سەربازیی ڕووسی گەیشتە ھەرێمی کوردستان، کە پێکھاتبوو لە پێنج چەکی دژە فڕۆکەی جۆری (ZU-23-2) لەگەڵ 19 ھەزار فیشەک."
ژەنەڕاڵە رووسەکە هەروەها ئاشکرای کردووە، کە کوردەکانی سوریا ”چەکی باشتریان پێدراوە و دەتوانن لەماوەیەکی کورت مەشقیان لەسەر بکەن و بەکاریان بێنن بۆ بڕینی ڕێگاکانی ھاوکاریی تورکیا بۆ گرووپە توندڕەوەکانی سوریا."
ئیڤاشۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، کە وڵاتەکەی ”تەنیا لە ڕێگای حکومەتەکانی عێڕاق و سوریاوە یارمەتی بۆ کوردەکان دەنێرێت“. پێشتر ماڵپەڕی سپۆتنیکی ڕووسیش، پێشتر باڵوێزی ڕوسیا لە عێراق لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ "مەسعود بارزانی"، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، گەیشتنی ئەم ھاوکارییە سەربازییانەی ڕاگەیاندبوو و دڵنیایی دابوو، کە ”ئەمە دوا کاروانی ھاوکارییە سەربازییەکانی مۆسکۆ نابێت بۆ ھەولێر“.
باسنيوز
