كۆنسووڵی گشتیی میسر: میوانداریی ئاوارەكان لەلایەن هەرێمەوە، لە دنیادا كەموێنەیە
(عومەر فەهمی)ـی كۆنسووڵی گشتیی میسر لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەم قسانەی لە دیداریدا لەگەڵ (د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری پەروەردە خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەم سەردانە و پەیوەندییەكانی هەرێم و میسر و وڵاتانی دەوروبەری بە گرینگ هەژمار كرد، بە تایبەت لە چوارچێوەی پەیوەندیی مرۆیی و فەرهەنگی و پەروەردەیی.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا، كۆنسووڵی میسر گوتی: "لە نزیكەوە تێكەڵی كولتووری كوردی بووین و میوانداریی ئاوارەكانیش لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، نیشانەی گەورەیی ئەم گەلە و مرۆڤدۆستییانە كە لە دونیادا كەموێنەیە."
كۆنسووڵی میسر، سەرەڕای دڵخۆشی بەم سەردانە و دروستكردنی پەیوەندی لە هەموو ڕوویەكەوە بە تایبەت لە ڕووی پەروەردەییەوە، باسی ئەوەی كرد كە "هەر شتێك ئێمە بتوانین ئەنجامی بدەین، چ لە دروستكردنی پەیوەندی و ڕەهەندی فەرهەنگییەوە و چ لە ڕووی پەروەردەییەوە، هاوكار و پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبین و ئەم پەیوەندییە تا پتەوتر بێت، سوودی زیاتری بۆ هەردوولا دەبێت."
