كۆنگرێسی ئه‌مریكا تاوانه‌كانی داعش له‌دژی ئێزدی و مه‌سیحییه‌كان ده‌خاته لیستی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا كه سه‌ر به‌كۆنگرێسی ئه‌و وڵاته‌یه له‌دانیشتنێكدا كه دوێنێ ئه‌نجامیدا به‌كۆی ده‌نگ بڕیارێكی په‌سه‌ندكرد كه مه‌رجی پابه‌ندبوونی نییه، به‌ئامانجی فشارخستنه سه‌ر ئیداره‌ی باراك ئۆباما بۆ ناساندنی په‌لاماره‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌دژی ئێزدی و مه‌سیحییه‌كان و كه‌مینه‌كانی تر له عیراق و سوریا وه‌ك تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی و له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ.
ئه‌نجومه‌نه‌كه له‌بڕیاری دووه‌میدا كه رۆژنامه‌ی حه‌یاتی چاپی له‌نده‌ن بڵاویكردووەته‌وه و له‌لایه‌ن 392 ئه‌ندام په‌سه‌ندكراو سێ ئه‌ندامیش ره‌تیانكردووەته‌وه، داوای له كۆشكی سپی كردووه كه لای خۆیه‌وه داوا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكات ده‌ستبه‌جێ دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی پێكبهێنێت به‌ئامانجی لێكۆڵینه‌وه له‌و تاوانی جه‌نگانه‌ی به‌هۆی ململانێكانی سوریاوه ئه‌نجامدراون، له‌هه‌مانكاتدا ره‌فتاره‌كانی حكومه‌تی دیمه‌شقیان به‌پێشێلكردنی مه‌ترسیداری یاسای نێوده‌وڵه‌تی وه‌سفكردووه كه ده‌چنه ریزی تاوانه‌كانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی.
هاوكات پۆل رایان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا كه سه‌ر به‌كۆماریخوازه‌كانه رایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی له سوریا و عیراق رووده‌دات ئامانجكردنێكی به‌ئه‌نقه‌ست و به‌رنامه بۆ داڕێژراوه له‌دژی كه‌مینه ئتنی Ethnos و ئایینییه‌كان".
به‌هۆی ئه‌وه‌ی تائێستا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رنه‌بڕیوه، كۆنگرێسی ئه‌و وڵاته تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو مۆڵه‌تی به وه‌زاره‌ته‌كه داوه كه دوا هه‌ڵوێستی رابگه‌یه‌نێت.
لای خۆشییه‌وه جۆن كێربی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا جۆن كیری بڕیاری پێویست له‌و باره‌یه‌وه ده‌دات.
رۆژی 19ی ئاداری 2015 ئه‌نجومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له راپۆرتێكدا رایگه‌یاند، چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌دژی ئێزدییه‌كان تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵكوژییان ئه‌نجامداوه.
ئه‌نجومه‌نه‌كه داواشی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد كه تاوانه‌كانی داعش ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی بكات له لاهای به‌ئامانجی دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیه‌یه.
لای خۆشییه‌وه خه‌یری بۆزانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزدیان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لێدوانێكدا بۆ خه‌ندان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا رێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی تاوانه‌كانی دژ به ئێزدییه‌كان له‌داهاتوودا وه‌ك جینۆساید له‌لایه‌ن دادگای نێوده‌وڵه‌تی له لاهای بناسرێن.
مانگی رابردووش په‌رله‌مانی ئه‌وروپا رایگه‌یاندبوو، رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌هه‌ریه‌كه له عیراق و سوریا پرۆسه‌ی "له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ"ی دژی ئێزدییه‌كان و مه‌سیحی و كه‌مینه‌كانی تر ئه‌نجامداوه، هاوكات ئیدانه‌ی ئه‌و تاوانانه‌یان كرد كه داعش دژی ئه‌و پێكهاتانه ئه‌نجامیداون كه ده‌گه‌نه ئاستی تاوانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ.
هاوكات په‌رله‌مانی ئه‌وروپا داوا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد تاوانه‌كانی داعش له‌دژی ئێزدی و مه‌سیحییه‌كان به "له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ" بناسێت.
به‌گوێره‌ی رێكکه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی كه ساڵی 1948 له‌لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان په‌سه‌ندكرا تاوانی كۆمه‌ڵكوژی بریتییه له "له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی یاخود به‌شێكی زۆری پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی – ئنتی و یاخود ئایینی دیاریكراو".
رۆژی 4ی ئابی ساڵی 2014 چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش قه‌زای شه‌نگالیان داگیركرد (كه زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ئێزدین)، رۆژی 13ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2015 له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و به به‌شداری گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له چنگی داعش ده‌رهێنرا.
به‌گوێره‌ی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزدیان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه كۆپیه‌كی نێردراوه بۆ خه‌ندان، له‌ئێستادا ژماره‌ی هاوڵاتیانی ئێزدی له عیراقدا 550 هه‌زار كه‌س ده‌بن. له‌و ژماره‌یه‌ش 400 هه‌زاریان ئاواره بوون.
دوای داگیركردنی شنگال و له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش هه‌زارو 293 شه‌هیدیان هه‌یه و 6 هه‌زارو 284 ئێزدی له‌لایه‌ن ئه‌و چه‌كدارانه‌وه رفێندراون له‌و ژماره‌یه‌ش (3 هه‌زارو 467یان مێینه‌و 2 هه‌زارو 817 یان نێرینه‌ن) جگه‌له‌وه‌ش 2 هه‌زارو 745 منداڵ بێ دایك و باوك بوون.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئاماره تائێستا 2 هه‌زارو 426 هاوڵاتی ئێزدی له چنگی داعش هه‌ڵاتوون (له‌و ژماره‌یه‌ش 895یان مێینه‌و 327یان نێرینه‌ن و 1204 منداڵن له‌هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه)، تائێستاش 3 هه‌زارو 858 ئێزدی وه‌ك دیل لای تیرۆریستانی داعش ماونه‌ته‌وه.
جگه‌له‌وه تائێستاش 22 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی كوردانی ئێزدی له شنگال دۆزراونه‌ته‌وه و 44 مه‌زارگه‌و مه‌رقه‌د له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش ته‌قێندراونه‌ته‌وه.
