حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەداتەوە

 	 حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەداتەوە
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناهەموارەی ئێستا هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە هەموو روویەکەوە پێداویستیی ئەو ئاوارانەی دابین بکات کە لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمەش لە سونگەی بڕوا بوونی بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتی رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ساز کرابوو، (د. دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راپۆرتی رێکخراوی ئەمنستی و هەر رێکخراو و لایەنێکی نێودەوڵەتی دەکەین کە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بڵاو دەبێتەوە و ئامادەی هەموو هاوکاریی و هەماهەنگییەکین لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لە هەمان کاتدا پێشوازی لە هەر پێشنیازێک دەکەین کە لە بواری پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ ئاراستەی حکوومەتی هەرێم بکرێت، چونکە گرینگیدانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە هەرێمی کوردستان نیشان دەدات سەبارەت بە پابەندبوون بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییە پێرەو کراوەکان لە کاتی جەنگدا بەتایبەتی کە ئێستا هەرێمی کوردستان رووبەرووی یەکێک لە دڕەندترین دوژمنەکانی مرۆڤایەتی بووەتەوە کە هەڕەشەیە لەسەر ئەمن و ئاسایشی جیهان بە گشتی و ناوچەکە بەتایبەتی.
لە بارەی بوونی میلیشیای چەکدار کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان، (د. دیندار زێباری) ئاماژەی بەوە کرد، کریستیان و ئێزدییەکان هیچ میلیشیایەکی چەکدارییان نییە، یەک هێزی فەرمییان هەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و ئێستا زۆربەی هەرە زۆری هاووڵاتییە ئێزدیەکان ئاوارەن و نیشتەجێی کەمپەکانن لە کوردستان.

دەربارەی هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانی خۆیان (زێباری) گوتی: ئەو ناوچانەی داعش کۆنترۆڵی دەکەن هەموو مینڕێژ دەکەن و دواتر دەیتەقێننەوە، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەو وێرانی و کاولکارییەی کە روویداوە. هۆکارێکی دیکەی نەگەڕانەوەی هاووڵاتیانی عەرەب بۆ جێگاکانی خۆیان پەیوەندی بە بارودۆخی ئەمنی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە هەیە. دامودەزگا پەیوەندیدارە ئەمنی و ئیدارییەکان دڵنیا کراوینەتەوە لەوەی بە هیچ شێوەیەک هیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە سەبارەت بە رێگەپێنەدانیان لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە. بەشێوەیەکی گشتی هەموو میحوەرەکان و ئەو گوندانەی بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ، چۆڵ کراون و دانیشتووانەکەیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە داڵدە دراون، هەروەها فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ناوچەکە بۆردومان دەکەن ئەمەش مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانی هاووڵاتیان درووست دەکات، لەلایەکی دیکەوە دانیشتووانی بەشێک لە گوندە عەرەبنشینەکان پەیوەندییان بە ریزەکانی داعشەوە کردووە و چەکداری داعش و روویان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش کردووە و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، تەنانەت هەندێکیان هاوکارییەکی زۆری داعشیان کردووە لەرووی چەکداری و لۆجستییەوە و هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بوونەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە میحوەرە جیاجیاکان.

دەربارەی مینڕێژکردنی ئەو ناوچانەی لە دەست داعش رزگار دەکرێنەوە زێباری گوتی: جگە لە بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان کە رێگرە لە گەڕانەوەی خەڵکی گوندەکان بە کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەوە، بوونی مین و تەقەمەنی کە داعش لە دوای خۆی دایدەنێت، هۆکارێکی دیکەی نەگەڕانەوەی خەڵکەکەیە و لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تاوەکو ئێستا هێزەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب و تەقەمەنی، چەکدارانی داعش بۆ رێگریکردن لەهێرشی هێزەکانی پێشمەرگە هەزاران بۆمب و تەقەمەنییان لەو ناوچانە چاندووە، کە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵیانەوە، هەربۆیە زۆرجار بەشێک لەو تەقەمەنییانە بەخۆشیاندا دەتەقێنەوە. تیم و ئەندازیارانی بواری پووچەڵکردنەوە دەڵێن: "ئەو بۆمب و تەقەمەنییانەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەچێنرێن، زۆر پێشکەوتوون و دروستکراوی خۆیانن، تەنانەت هەندێکیان لەسەر شێوەی ئەو تەقەمەنییانە دروست کراون کە پێشتر رێکخراوی ئەلقاعیدە بەکاری هێناون"؛ بۆیە لە پێناو سەلامەتی دانیشتوانی ئەو گوندانە باشتر وایە تا بارودۆخەکە ئارام دەبێتەوە خەڵکی سڤیل دووربن لەو ناوچانەی کە شەڕیان تێدایە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان پاش رزگارکردنی گوندەکانیان. ئەو گوندانەی کە دوای ئازادکردنیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە خەڵکەکەی گەڕاوەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان 575 گوندن کە 91 گوندیان گوندی عەرەبنشین بوون 74 یان گوندی کورد نشین و 90 گوندیش کورد و عەرەب پێکەوە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەروەها پێکهاتەکانی دیکەش 11 گوندن و خەڵکی 54 گوندیش نەگەڕاونەتەوە.

سەبارەت بە تۆمەتی تێکدانی گوندەکانی عەرەبە سوننەکان (دیندار زێباری) گوتی: ناوچەکە بووەتە مەیدانی جەنگ و بۆردوومانی فڕۆکە و مینڕێژکردنی ژمارەیەکی زۆری خانووەکان لە لایەن داعش و خۆحەشاردانی چەکدارانی داعش لە نێو خانووەکان بووەتە هۆی تێکدانی خانووەکانیان و، لەو ناوچانەی کە کورد و عەرەب تێیدا ژیاون زیاتر خانووی کوردەکان تێک‌دراوە و وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیە لێکۆڵینەوە لەم بارەوە ئەنجام بدات، چونکە ئەوانەی روویانداوە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە، هەروەها دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم بەردەوام رێگە بە هاتوچۆی هاووڵاتیان دەدرێت کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە روو لە ناوچەکانی سنووری حکوومەتی هەرێم کردووە، باشترین بەڵگەش بوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیانی عەرەبە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بەڵام لەبەر مەترسی و خراپیی سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش پێویست بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توند دەکات، چونکە جیاکردنەوەی خۆکوژەکانی داعش لەگەڵ هاووڵاتیان کارێکی ئاسان نییە بەتایبەتیش لەم دواییانەدا کە تیرۆریستانی داعش منداڵیش لە کردەوە خۆکوژییەکاندا بەکار دەهێنن، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە تیرۆریستان هەوڵیانداوە لە رێگای ئەو ئاوارانەی روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن دزە بکەنە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە و ژمارەیەک لەو تیرۆریستانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: وێڕای پێشوازیکردنمان لەو راپۆرتە، داوا دەکەین رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رۆڵێکی زیاتر ببینن و هاوکارییەکی زیاتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە قەیرانی ئابووری و بوونی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە هەموو روویەکەوە قورس کردووە.

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە رۆژی 20/1/2016 راپۆرتێکی بڵاو کردەوە بە ناوی: دوورخستنەوە و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و تێکدانی بە ئەنقەست لە باکووری عێراق، کە تێیدا چەند تۆمەتێکی خستبووە پاڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بە تێکدانی گوندی عەرەبە سوننەکان و رێگا نەدان بە گەڕانەوەیان بۆ سەر شوێنەکانی خۆیان.
Top