رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئایەتوڵڵا سیستانی داوای بینینی نادیە موراد دەكات

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئایەتوڵڵا سیستانی داوای بینینی نادیە موراد دەكات
برایەكی نادیە موراد، ئەو كچە ئێزدیەی لەدەستی چەكدارانی داعش دەرباز بووە، ئاشكرای كرد كە هەر یەك لە سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، داوای بینینی خوشكەكەیان كردووە.

سەعید یەكێكە لە سێ‌ برا رزگاربووەكەی نادیە موراد لە دەستی داعش، ئەو لە كەمپی قادیا لە نزیك زاخۆ نیشتەجێ‌ بووە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (رووداو) بەسەرهاتی كۆمەڵكوژكردنی خێزانەكەیان لەلایەن داعشەوە دەگێڕێتەوە.

نادیە موراد، كە یەكێكە لە رزگاربووانی دەستی داعش، هەرزوو ناوبانگی بە جیهاندا بڵاوبووەوە. ئەو دوای ئەوەی لە رێگەی پرۆژەیەكی حكومەتی ئەڵمانیا بۆ چارەسەركردنی 1000 ئافرەتی كوردی ئێزدی گەیشتە ئەڵمانیا، لەوێ لە رێگەی چەند رێكخراوێكەوە توانی خۆی بگەیەنێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنەكەدا ئەوەی لەلایەن داعشەوە بەسەری هێنرابوو گێڕایەوە، پاشان سەردانی میسری كرد و لە زانكۆی ئەزهەر سەمینارێكی پێشكەش كرد، هەروەها لە چەند كۆنفرانس و كۆنگرەیەكی جیهانیشدا بەشداریی كرد.

ئەو جموجۆڵەی نادیە وایكرد كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە فەرمی ئەو كچە كوردە ئێزدییە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بۆ ساڵی 2016 كاندید بكات.

نادیە، لە خێزانێكی گەورەی ئێزدی لە ساڵی 1993 لەدایك بووە. باوكی كە سێ‌ ساڵ لەمەوبەر كۆچی دوایی كردووە، دوو ژنی هێناوە. نادیە دوو خوشك و نۆ برای هەبوو.

سەعید باسی نادیە دەكات و دەڵێت "نادیە هەر لە منداڵییەوە كچێكی زۆر لەسەرخۆ بوو، لە ماڵەوە زۆر خۆشەویست بوو، كچێكی گوێڕایەڵ بوو".

سەعید باسی خێزانەكەی دەكات و دەڵێت "ئێمە 11 برا بووین، لەگەڵ سێ خوشك، چەند ساڵێك پێش كارەساتی شنگال، باوكمان مرد، لە كارەساتی شنگالدا ئێمە هەموومان كەوتینە دەستی داعش، ژن و پیاوەكانیان لە یەكدی جیا كردەوە، شەش برامان لەبەر چاوی ئێمە كوژران، دایكم و سێ براژنیشم لە نزیك پەیمانگای تەكنیكی شنگال لەگەڵ 85 كچ و ژنی دیكە كە سەرجەمیان خەڵكی گوندی كۆچۆ بوون گوللەباران كران".

چەكدارانی داعش نادیە و دوو خوشك و هەشت براژن و دوو برازا لەگەڵ سەدان ئافرەتی دیكەی كوردی ئێزدی دەبەن. بەڵام نادیە رۆژی 14/9/2014 توانی لە دەستی داعش هەڵبێت.

سەعید دەڵێت "تەنیا لە خێزانەكەی ئێمە 14 كەس كەوتبووینە دەستی داعش، خۆم و برایەكم بە برینداری لە كۆمەڵكوژییەك رزگارمان بوو، دواتر پێنج براژن و سێ خوشكەكەم بەرێگای جیا جیا رزگاریان بوو، بەڵام چارەنووسی سێ‌ خوشكم و دوو برازاكەم هێشتا نادیارە".

ئێستا نادیە یەكێكە لەوانەی بەربژێرە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، سەعید زۆر دڵخۆشە بەو بەربژێكردنە و دەڵێت "زۆر خۆشحاڵم كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە پشتگیری خوشكەكەم دەكەن".

نادیە ئاشكرای كرد "پێش چەند رۆژێك نووسینگەی بەرێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندیان پێوەكردم و گوتیان بارزانی دەیەوێ‌ نادیە ببینێ‌، هەر لەو ماوەیەدا نووسینگەی بەڕێز عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان بۆ هەمان مەبەست پەیوەندییان پێوەكردم".

سەعید خوشكەكەی لە داواكارییەكەی بارزانی و سیستانی ئاگادار كردووەتەوە، ئەویش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بگەڕێتەوە و هەردووكیان ببینێ‌، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دەرەوە زۆر سەرقاڵە، هێشتا كاتی گەڕانەوەكەی دیار نییە.








رووداو
Top