عەبادی لە کابینە نوێیەکەیدا پشکی کورد کەم دەکاتەوە

 عەبادی لە کابینە نوێیەکەیدا پشکی کورد کەم دەکاتەوە
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کابینەکەی لە ٢٢ وەزارەتەوە بۆ ٩ وەزارەت کەم دەکاتەوە و لەو ژمارەیەش تەنیا یەک وەزارەت بە کورد دەدات، پەرلەمانتارانی کوردیش پێیان وایە ئەگەر ھەیە بەو شێوەیە کورد ببێتە ئۆپۆزسیۆن و لە حکوومەتەکەی عەبادی بکشێتەوە.



سەرۆک وەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممەی داھاتووی وەکو دوایین وادە بۆ دیاریکردنی ناوی کاندیدەکانی حکوومەتە نوێیەکەی دیاری کرد، کابینەکەشی بۆ ٩ وەزارەت کەم کردووەتەوە.



بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کابینەی حکوومەتە نوێیکەی لە ٢٢ وەزارەتەوە بۆ ٩ وەزارەت و دەستەکانیش لە ٢٢ دەستەوە بۆ ١٥ دەستە کەم کردووەتەوە.



سەبارەت بە پشکی لایەنەکانیش، سەرۆک وەزیران ٥ وەزارەتی بۆ شیعەکان داناوە و ٣ وەزارەت بۆ سوننەکان و وەزارەتێکیش بۆ کورد داندراوە.



بەپێی زانیارییەکان، سەرکردایەتیی کوردستان بە گرنگییەوە لە کەمبوونەوەی پۆستەکانی لە بەغدا ناڕوانێت و پێی وایە ئەوە دواقۆناغە کە نوێنەرانی گەلی کوردستان لە بەغدان، ھەربۆیەش کاتێک پۆستی سوپاسالاری عێراق کە پشکی کورد بوو وەرگیرایەوە و جێگری سەرۆکی حکوومەت د. رۆژ نوری شاوەیس دوور خرایەوە، کە ھەردووکیان پۆستی سیادیی کورد بوون بە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەڵام سەرکردایەتیی کوردستان ھەڵوێستێکی ئەوتۆی لە بەرامبەر بە حکوومەتەکەی عەبادیدا نەبوو، ئەگەر بێتوو پێشتر ئەوە لە ساڵانی پێش ٢٠١٣ رووی دابوایە کە ھێشتا ھیوایەک مابوو کە ھەرێمی کوردستان بەشێوەی فیدڕاڵی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بمێنێتەوە، ئەوا سەرکردایەتیی کوردستان ھەرگیز ئەوەی قبووڵ نەدەکرد، بەڵام ئێستا لە کەمبوونەوەی پشکی کورد لە بەغدا بێ دەنگە و ئەوە بە دواقۆناغی مانەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە دادەنێت.



بەختیار جەبار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا رای گەیاند، ئەو کارەی حەیدەر عەبادی غەدرێکی گەورەیە لە کورد و ئەو بەڵێنی دا کە رێژەی کورد لەو کابینەیە ٢٠٪ بێت، لەو حاڵەتە دەبوو دوو وەزارەت بە کورد بدرێن، گوتیشی: "بڕیار وابوو بۆ ١٦ وەزارەت کەم بکرێتەوە، لەو رێژەیەش ٣ وەزارەت بۆ کورد بێت، کە دەکاتە ٢٠٪، بەڵام لە ٩ وەزارەت دەبێت ٢ وەزارەت بە کورد بدرێت، پێدانی یەک وەزارەت، رێژەکە دەکات بە نیوە".



ئەو پەرلەمانتارە راشی گەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر ئەو پرسە کۆ دەبنەوە و ھەڵوێستیان دەبێت.



بەپێی زانیارییەکان حەیدەر عەبادی بڕیاری داوە قۆناغ بە قۆناغ وەزیرەکان بگۆڕێ، بەڵام پێشبینی دەکرێ ھەر ئەم قۆناغە بێت و کۆی وەزارەتەکانی حکوومەتەکەی عەبادی لەو ٩ وەزارەتە زیاتر نەبێ.



زانا سەعید رۆستایی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە بەغدا رای گەیاند، ئەو کارانەی عەبادی دەیکات لە ترسی ناڕەزایەتییەکان و موقتەدا سەدرە، گوتی: "کەمکردنەوەی وەزارەتەکان لەژێر کاریگەریی موقتەدا سەدر و شەقامی عێراقیدایە، بۆیە ئەگەری ئەوە ھەیە کە ھەر ئەو ٩ وەزارەتە بێت و قۆناغەکانی دیکە عەبادی رابگرێت، بەوەش کورد لە حکوومەتەکەی عەبادی دەبێتە کەمینە و ھیچ پێگەیەکی نامێنێ".



رۆستایی گوتیشی: "پێشبینی دەکرێ سەرکردایەتیی کوردستان بڕیاری کشانەوە لە حکوومەتی عەبادی بدات، ئەوە ئەگەرێکی داخراو نییە، بەڵام پێویستی بە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسیی کوردستانە".



لای خۆشیەوە عەرەفات کەرەم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، ئەگەر بێتوو کەمبوونەوەکە بۆ ھەموو لایەنەکان بووایە ئاسایی بوو، بەڵام لایەنی شیعە و سوننە بە حەقە بەشی خۆیان و کوردیش بەو شێوەیە نابێت، گوتی: "ئەگەر رێژەکە بەو شێوەیە بێت ئەوا کورد ھەڵوێستی لەسەر کەمکردنەوەکە دەبێ".



راشی گەیاند، لە کۆبوونەوەدا داوایان لە حەیدەر عەبادی کردووە لە حەقەبەشی کورددا وەکو نەتەوە سەیریان بکات و ٢٠٪ی بەپێی حەقەبەشی کورسییەکانی پەرلەمانیان پێ بدات، لەکاتێکدا کە شیعەکان زیاتر لە ٩٠ کورسیان ھەیە و سوننەکان زیاتر ٧٠ و رێژەی کوردیش زۆر کەمتر نییە لە سوننەکان، کە ئەگەر بەپێی حەقەبەش بێت، نەدەبوو یەک وەزارەت بە کورد بدرێ، لەبەرئەوە ھەموو ئەگەرێک لەبەردەم کورددا کراوەیە، تا ئاستی کشانەوە لە حکوومەت".









باسنیوز
Top