لە هەولێر 170 سواڵكەر ‌و دەستگێڕ دەستگیركران

لە هەولێر 170 سواڵكەر ‌و دەستگێڕ دەستگیركران
لە هەولێر 170سوڵكەر ‌و دەستگێڕی سەرشەقامەكان دەستگیركران و گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش ئاشكرای دەكات، بەڵێنیان لێوەرگیراوە ئەو كارە دووبارەنەكەنەوە، مانەوەشیان لە هەولێر لێ‌ قەدەخەكرا ‌و رەوانەی كەمپێكی شارەدێی دیبەگە كران.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 14-3-2016 بە فەرمانی پارێزگاری هەولێر پۆلیسی فریاكەوتن لەسەر شەقام ‌و چوارڕیانەكانی شاری هەولێر 170سواڵكەر ‌و دەستگێڕیان دەستگیركرد.

ئەو گوتیشی "هەموو ئەوانەی دەستگیركراون خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن ‌و دوای دەستگیركردنیشیان رەوانەی كەمپێكی شارەدێی دیبەگە كران، هاتنەوەشیان لەنێو هەولێر لێ‌ قەدەخەكرا‌و هەتا ئەو كاتەی رەوانەی شوێنەكانی خۆیان دەكرێنەوە، لەو كەمپە دەمێنەوە".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوەش كرد هەموو دەستگیركراوەكان وێنەیان گیراوە و بەڵێنامەشیان لێوەگیراوە ئەو كارە دووبارەنەكەنەوە. شارەدێی دیبەگە كەوتووەتە بەشی رۆژئاوای شاری هەولێر‌ و 35 كیلۆمەترێك لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە.
Top