سەرۆک بارزانی: ئەوەی ئافرەتی كوردستانی بۆ گەلەكەی كردوویەتی لە مێژوودا وێنەی كەمە

 سەرۆک بارزانی: ئەوەی ئافرەتی كوردستانی بۆ گەلەكەی كردوویەتی لە مێژوودا وێنەی كەمە
(سەرۆک بارزانی) لە پەیامیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان، پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان کرد و رایگەیاند، ئەوەی ئافرەتی كوردستانی بۆ گەلەكەی كردوویەتی لە مێژوودا وێنەی كەمە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
بۆ بۆنەی 8ـی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەت گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی كوردستان و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە دایكی شەهید و ژن و كچی شەهیدە سەربەرزەكان دەكەم كە باری قورسی لەدەستدانی ئازیزان لەسەر شانیانە و هیوای سەبر و ئارامی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.

ئافرەتان و ژنان ڕۆڵێكی كاریگەر و یەكلایكەرەوەیان لە كۆمەڵگەدا هەیە. بەشی زۆری ئێش و ئازار و بەرخودان و تێكۆشانی گەلەكەمان بەر ئافرەتان دەكەوێت و جێدەستیان لە پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێشمەرگە و پەروەردەكردنی ڕۆڵەی قارەمان و تەحەموڵكردنی ئازارەكانی ئاوارەیی و خەباتی مەدەنی و سیاسیدا دیارە. ئافرەتان لە دروستكردنی مێژوو و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان بەشدارن و ئەوە ڕاستییەكە و دەبێ هەموومان شانازیی پێوە بكەین.

ئەوەی ئافرەتی كوردستانی بۆ گەلەكەی كردوویەتی لە مێژوودا وێنەی كەمە. ئەوان پشتیوانی شۆڕش بوون، ئاوارەیی و دەربەدەریان بینی و تەحمولی قەیران و كارەساتەكانیان كرد و بەشداری تێكڕای كایەكانی ژیانی كۆمەڵگە و هەروەها شەڕی بەرگریكردن لە نیشتیمانیش بوون و لەشەڕی تیرۆریستانی داعشدا كچانی كورد قارەمانێتیان تۆمار كرد. لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا گیرۆدەی جیاكاری و توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی و پێشێلبوونی مافەكانیانن. ئەركی سەر شانی تاك تاكی ئێمە و هەموو دامەزراوە مەدەنی و حكوومەییەكانە ڕێز لە ماندووبوون و تێكۆشانی ئافرەتان و مافەكانیان بگرن و كار بۆ ئەوە بكرێ كە ئافرەتان بە ئاسوودەیی ڕۆڵی كۆمەڵایەتی و مەدەنی و سیاسیی خۆیان لە ژیانی كۆمەڵگەدا بە بێ هیچ بەربەستێك بگێڕن و توندوتیژی بە هەموو جۆرەكانیەوە لە دژی ئافرەت نەمێنێ.
لەم بۆنەیدا هیوای سەرفیرازی و بەختەوەری بۆ ئافرەتانی كوردستان دەخوازم.

مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
Top