بۆ ڕاکێشانی گەشتیار هەولێر، كۆنفرانسێكی گەشتیاریی لێ دەگیرێت

 بۆ ڕاکێشانی گەشتیار هەولێر، كۆنفرانسێكی گەشتیاریی لێ دەگیرێت
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێ: لە ١٩ـی ئەم مانگە کۆنفرانسێكی گەشتیاری بەناوی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی كۆمپانیەكانی گەشتوگوزار و كۆمپانیەكانی وەبەرهێنان، بۆ هێنانی گەشتیار لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، كە زیاتر لە ١٠٠ كۆمپانیا و وەبەرهێنەر لە ٣٠ تا ٤٠ وڵاتی جیهانەوە بەشدار دەبن.

(نادر ڕۆستی) وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هاندانی كۆمپانیا و گەشاندنەوەی كەرتی گەشتیاری، یەك لە ئارمانجەكانی ئێمەیە، كە ئەوە دەبێتە هۆكاری ئەوەی پارەی بیانی ڕاكێشینە هەرێمی كوردستان و جموجۆل بخەینە بازاڕ و كار بۆ هاووڵاتیان پەیدا بكەین، باج و ڕسووماتی حكوومەت زیاتر دەبن و وەبەرهێنانی گەشتوگوزاری بەرەو پێشەوە دەچێت.

گوتیشی: "لە هەرێمی كوردستان ئێمە دوو ڕێگەمان لە پێشە بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی گەشتیاری، ئەویش لە ڕێگەی کۆنفرانس و پەیوەندی و پسپۆڕی ئەكادیمی و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە، لە كەرتی گەشتوگوزار، ئەوەی دیكەیش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، بە تایبەتی بۆ جەژنی نەورۆز و وەرزی بەهار، ئێمە ئامادەكاری دەكەین بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێكی گەشتیاری بۆ كۆمپانیەكانی گەشتیاری، كە بڕیار وایە لە ١٩ـی ئەم مانگە لە هەولێر ببەسرێت، كە ئەوە دەبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ پێشكەوتنی كەرتی گەشتوگوزار، كە زیاتر لە ١٠٠ كۆمپانیا لە ٣ تا ٤٠ وڵاتی جیهان بەشدار دەبن، لەگەڵ كۆمەڵێك وەبەرهێنەری بیانی."

(ڕۆستی) دەیشڵێ: "هەرێمی كوردستان، ١٠٥٢ حەوانگەی گەشتیار و، ١٧٧٩ چێشتخانە و كافتریا و، ٢٨٣١ بنكەی گەشتیاریی لێ هەیە؛ هەرێمی كوردستان ١٧ تاڤگەی گەشتیاری و ٢٢ شوێنی ئایینی و زیاتر لە ٣٥٠٠ شوێنەواری لێیە كە ٤٠ شوێنیان بۆ گەشتیاری شیاون؛ لەگەڵ ٤ تەلەفریك و ٦ شاری گەورەی یاری، هەروەها زیاتر لە ٢٠ ئەشكەوتی شیاو بۆ جۆرەكانی گەشتیاری و زیاتر لە ١٥ مەلەوانگەی كراوە و سەر داخراو و زیاتر لە ٢٥ هاوینەهەوار و ١٧ گڕاو و كانیاوی كانزای هەن، كە كۆی گشتی دەكاتە زیاتر لە ١٧٠ شێوێنی كات بەسەر بردن و جۆری گەشتیاری و شوێنەكانی گەشتیاری (هوتێل، موتێل، گوند) بە ڕێژەی سەدا١٠ زیادی كردووە."
Top