داوای لادانی وەزیرێکی گۆڕان لە حکوومەتەکەی عەبادی دەکرێت

 داوای لادانی وەزیرێکی گۆڕان لە حکوومەتەکەی عەبادی دەکرێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکات، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە لە سەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، لە پۆستەکەی لابدرێت.

(د. عەرەفات کەرەم) ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووه‌، دەبێت بە زووترین کات، (دەرباز محەممەد) وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بگۆڕدرێت و نابێت لەو پۆستەیدا بمێنێتەوە، چونکە هیچ شتێکی بۆ سووککردنی ئەرکی ئاوارەکان لە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە.

گوتیشی: ”تەنیا ئەوەی کردوویەتی، بۆ خۆی و حزبەکەی لە سنووری سلێمانی کردوویەتی، بە تەواوی دهۆکی پشتگوێ خستووە. 16 هەزار ئاوارە لە حەوزی سۆران هەن، تائێستا وەڵامی تەلەفۆنێکی خەڵکەکەشی نەداوەتەوە و سەردانی ناوچەکەی نەکردووە و وەڵامی داواکارییەکانیش ناداتەوە“.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەختی لەوە کردەوە کە وەزیرەکەی گۆڕان سەرنجی خستووەتە سەر ناوچەی سلێمانی و گوتی: "چەند گرێبەستێکی لەوێ هەیە و هەمووی لەگەڵ خزموکەسی خۆیدا کردوویەتی، هەموو سەرنجی لەسەر ئەوێیە، بۆیە دەبێت گۆڕانکارییەکان ئەو وەزیرەش بگرێتەوە".

پێشتر (دەرباز محەممەد) وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندبوو، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ سووککردنی مەینەتییەکانی ئاوارە کوردە ئێزدییەکان درووست کردووە. (ڤیان دەخیل) نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە لە سەر ئەرزی واقیعدا بوونی نییە" و داوای لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کرد، بۆ ئەوەی لەوە بکۆڵدرێتەوە کە ئاخۆ پارەی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە لەچیدا خەرج کراون؟
Top