ئەمیرێکی "گەورە"ی داعش لە هەولێرە

 ئەمیرێکی

هێزێکی ئەمریکی بە ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، یەکێک لە گەورەترین ئەمیرەکانی داعشیان دەستگیرکردووە و ئێستا لە هەولێرە، بەغداش داوای ئەمیرەکە دەکات.

بەپێی زانییارییەکانی رووداو، کە لەلایەن فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئەو ئۆپەڕاسیۆنە لە 28-2-2016 لەڕێگەی دابەزینی فڕۆکە لە ناوچەی زاب لە سنووری پارێزگای کەرکووک ئەنجامدراوە.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، کە داوایکرد ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە، زانیاری زیاتر لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە و دەستگیرکردنی ئەمیرەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت "ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریکی ئەنجامدراوە، بەڵام بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

گوتیشی "ئەمیرەکەی داعش وەک خۆیان دەڵێن بەرپرسی تەواوی ویلایەتی کەرکووکە و پێشتریش فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراق بووە لەسەردەمی حکومەتی بەعس".

ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بەگوتەی دوو بەرپرسی ئەمریکیش بۆ CNN، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، "دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سەرکردەیەی داعش، لەچەند رۆژی داهاتوودا رادەستی حکومەتی عێراق دەکرێت".

فەرماندەکەی پێشمەرگە لەسەر چارەنووسی ئەمیرەکەی داعش دەڵێت "حکومەتی عێراق داوایکردووە رادەستییان بکرێت، بەڵام ئەمیرەکە ئێستا لە هەولێرە و هەرێمی کوردستان بە ئەمریکییەکانیشی گوتووە، قبووڵ ناکەین رادەستی بەغدا بکرێت، چونکە ئێمەش لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەین و پێویستمان بە زانیارییەکانی دەبێت".

گوتیشی "ئەوەشمان بە ئەمریکییەکان گوتووە ئەو ناوچەی لێگیراوەو ئەمیری داعش بووە لە کەرکووک کە ناوچەیەکی کوردستانییە، پێشمەرگە لەهەموو لایەنێک زیاتر پێویستی پێیەتی و قبوڵ ناکەین رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت".

فەرماندەکەی پێشمەرگە نەیشاردەوە لەسەر ئەم ئەمیرە "کێشە دروستبووە و ئەمریکییەکانیش هێشتا رادەستی عێراقییان نەکردووە و پێناچێت رادەستیشی بكەن".

ئەوە یەکەم جار نییە هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ گرتنی بەرپرسانی داعش ئەنجامدەدەن، پێشتر لە شاری رەققە لە سووریا وەزیری نەوتی داعشییان کوشت و ژنەکەی و کچێکی کوردی ئێزدی کە لەنێو ماڵیدابوون رزگارکرد و ژنی وەزیرەکەی داعشیان رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

هەروەها لەگەڵ هێزێکی تایبەتی پێشمەرگە لە نزیک حەویجە لە کەرکووک ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتییان ئەنجامدا و نزیکەی 70 زیندانییان لەژێر دەستی داعش ئازادکرد.


















رووداو
Top