نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی پەرلەمانی نۆروێژ ڕەوشی هەرێمی كوردستانیان تاوتوو كرد
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2 - 3 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو (ئانیكێن هیوتفێڵدت) سەرۆكی لیژنەی دەرەوە و بەرگریی پەرلەمانی نۆروێژ و شاندێكی یاورەری كرد، كە لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتە سیاسییە جیاوازەكانی پەرلەمانی نۆروێژ پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ستایشی هەنگاوەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمیان كرد، كە سەرەڕای شەڕی داعش و قەیرانێكی قورسی دارایی، ئارامی و ئاسایشی هەرێمیان بە باشترین شێوە پاراستووە و باوەشیان بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەر كردووەتەوە و، جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزارییان بۆ دابین كردوون.
هەروەها باسیان لەوەش كرد كە سەردانی ئەو بنكانەی مەشق و ڕاهێنانیان كردووە كە تیایدا ئەفسەرە بە ئەزموونەكانی نۆروێژ مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەكەن و، خۆشحاڵیی خۆیان بە پێشكەوتنی ئاستی پێشمەرگە لەو بنكانە پیشان دا و بەردەوامیی پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەربڕی و سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگەیان لە بەرەكانی جەنگ بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و خەڵك و حكوومەتی نۆروێژی كرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەكانیان لە هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی كە ژمارەیەك پسپۆڕی سەربازیی نۆروێژی لە بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە مەشق بە هێزی پێشمەرگە دەكەن. هەروەك هیوای خواست كە لە بوارەكانی سەربازی و مرۆیی و ئابووریدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات بەتایبەت كە هەر لە ساڵی 2014ەوە حكوومەتی فیدرالی عێراق بە بڕیارێكی سیاسی بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشانە كرد، كە بەم دواییانە هاتنە ئـاراوە و هیوای خواست كە پەرلەمانی نۆروێژ بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانە، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.
تاوتووكردنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و ڕەوشی ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەستی داعشدان، بەتایبەتی شاری مووسڵ كە لە هەرێمی كوردستانەوە نزیكە و كار و چالاكییەكانی ڕەوەندی كورد لە نۆروێژ، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
