کچە خوێندکارێک لە زانکۆیەکی هەولێر فیشەک بەخۆیەوە دەنێت

 کچە خوێندکارێک لە زانکۆیەکی هەولێر فیشەک بەخۆیەوە دەنێت

خوێندکارێكی كچی زانکۆی بەیان لە هەولێر، لەنێو زانکۆکەدا فیشەکێک بە سنگی خۆیەوە دەنێت، سەرۆکی زانکۆکەش رایدەگەیێنێت "بەپێی بەدواداچوونەکانمان ئەو هیچ کێشەیەکی لەنێو زانکۆدا نەبووە".

د. سەعید خۆشناو، سەرۆكی زانكۆی بەیانی تایبەت لە شاری هەولێر رایگەیاند " پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 2-3-2016 لەنێو زانكۆ كچە خوێندكارێكی بەشی یاسا، کە خوێندکاری قۆناخی دووە، بە دەمانچە فیشەكێکی بە سنگی خۆیەوە ناوە و خۆی بریندارکردووە".

سەرۆکی زانکۆکە هەروەها دەڵێ "ئەوەندەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ رووداوەکە كردووە، ئەو گرفتێكی نەبووە، دوای رووداوەكەش راستەوخۆ گەیێندراوەتە نەخۆشخانە ‌و ئێستا باری تەندروستی جێگیرە". لەبارەی چۆنیەتی بردنی دەمانچەکەش بۆ نێو حەرەمی زانکۆ، سەعید خۆشناو گوتی "نازانین چۆن ئەو دەمانچەیەی هێناوەتە نێو حەرەمی زانكۆ".

سەرۆكی زانكۆی بەیان باسی لەوەش كرد پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و سەرقاڵی بەدواداچوونی وردن.















رووداو
Top