هێمن هەورامی: چەند لایەنێکی سیاسی بەنیازی گێرەشێوێنین
پارتی دیموکراتی کوردستان لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا بۆ دووەمجار لەگەڵ سەرجەم کۆنسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانیی کە لە کوردستانن کۆدەبێتەوە. بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیش ئاماژە بەوەدەکات، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ کۆنسوڵەکان بە مەبەستی ئەوەبووە کە بەرچاوڕوونییان پێبدەن و ئاگاداریان بکەنەوە لەسەر دۆخی کوردستان و ناوچەکە.
هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رايگەیاند: "رۆژی سێشەممە 1-3-2016 پارتی لەگەڵ کۆنسوڵ و نوێنەری سەرجەم ئەو وڵاتانە کۆبووەوە، کە لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و، کۆبوونەوەکەش لە کۆبوونەوەی نائاسایی سەرکردایەتی پارتی بڕیاری لێدرا، کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو ئەنجامدرا و پارتی بەپێویستی زانی لەگەڵ نوێنەرایەتی وڵاتان دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاتوێ بکات".
هێمن هەورامی گوتیشی "هەندێک لایەنی سیاسی هەن کە لە ناوچەکانی، قەڵادزێ، رانییە و سلێمانی و دەورووبەری هەوڵدەدەن کە گێرەشێوێنی و تووندوتیژی دژی دامەزراوە و فەرمانگەکانی حکومەت ئەنجامبدەن و پلان دابڕێژن دژی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی کە لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەوە نزیکن و لەڕێگەی هەوڵی پڕچەککردنیان دەیانەوێت گوشاری زیاتر دروستبکەن".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی رایگەیاند: "پارتی بەڵگەی تەوای لەبەردەستدایە بۆ ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت ئەنجامیبدەن، بۆیە ئێمە ئەو زانیاری و هەواڵانەمان بە کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان راگەیاند".
هێمن هەورامی بە ئاماژەدان بەوەی، خاڵێکی دیکەی ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە بەڕاشکاوی و دروستی نیاز و سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر رەزامەندی دەربڕین بۆ دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە کۆنسوڵی وڵاتان پیشانبدەن، گوتی: "پارتی ئامادەیە بابەتی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان قسەی لەسەر بکرێت بەتایبەت کە پارتی چەند جارێک داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە بۆ ئەوەی دابنیشن و گفتوگۆی کێشەکان بکەن، بەڵام ئەوان نایانەوێ دابنیشن".
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانیان کردووە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ شەڕی موسڵ و هاوکات باسی ئەو گۆڕانکاریانەشیان کردووە، کە عەبادی بەنیازە لە حکومەتی عێراق چاکسازی بکات و بۆ ئەوە رۆڵی کورد چی دەبێت لەو گۆڕانکارییانە و پێگەی چی دەبێت،".
گوتیشی: "سوپاسی وڵاتانی بیانیمان کرد لەو هاوکارییانەی کە بۆ هەرێمی کوردستان کردوویانە و داواشمان لێکردن کە، بە هۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە دووچاری هەرێمی کوردستان بووەتەوە کە کاریگەری لەسەر سلکی سەربازی دەبێت، هاوکار و پشتیوانمان بن".
رووداو
