شەرمەزارییە كەسێك بە زمانی كوردی قسە بكات و دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بێت

شەرمەزارییە كەسێك بە زمانی كوردی قسە بكات و دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بێت
لە دیدراێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان رێباز عوسمان مامۆستای زانكۆی سلێمانی گوتى: لەم كاتەدا كە هەموو جیهان چاوی لەسەر پێگەی بەهێزی پێشمەرگەیە و واچاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ گۆڕانكاڕییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی كورد زیاتر بێت، لە دۆخێكی وادا ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم گرنگی تایبەتی هەیە، تاوەكو گەلی كوردیش بەهەمان شێوەی گەلانی ناوچەكە سەروەری و دەستكەوتەكانی بپارێزێت. هەرێمی كوردستان بایەخێكی تایبەتی بۆ وڵاتانی زلهێزی جیهان هەیە كە زۆربەیان كونسوڵخانەیان لە شاری هەولێر هەیە و مامەڵەی دەوڵەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەو ئارامی و سەقامگیرییە ئەمنییەی كە لە كوردستان هەیە بەراورد بە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە خۆیدا دەیسەلمێنێت كە زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام كاتێك گەل دەنگی بە سەربەخۆیی دا، ئەوا ئەم پێگەیە زۆر بەهێزتر دەبێت و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا دۆزی كورد زۆر دەچێتە پێشەوە، هەر بۆیە من پێموایە ئێستا لەبارترین كاتە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، تەنانەت هۆكارێكیش دەبێت بۆ وەلانانی ناكۆكییەكانی نێوان حزبەكان.


رێباز عوسمان هەروەها گوتی: لەسەر دەستی پێشمەرگە كورد توانی زەمینەیەكی لەبار دروست بكات بۆ چەسپاندنی سنووری دەوڵەتی ئایندەی كوردستان، ئەمەش بە سووربوونی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەسەر مافی رەوای گەلەكەی و پاراستنی خاكەكەی، هەروەكو چۆن توانی خاكەكەی لەبەردەم دڕندەترین دەوڵەتی تیرۆریستی سەردەم بپارێزێت. ئەمڕۆ پێشمەرگە بووەتە سیمبولی بەهێزی خاوەن ئیرادەی تۆكمە و لەناوەندە جیهانییەكاندا ناوبانگی دەركردووە، بە خوێنی پیرۆزی پێشمەرگە سنووری نەخشەی دەوڵەتی كوردستان كێشراوە و ریفراندۆم و دەنگدان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان و پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای كورد و دەربازبوون لەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی رووبەڕووی گەلی كوردی مەزڵوم بووە، رێزگرتنە لە خوێنی پێشمەرگە و شەهیدانی كوردستان. سەرۆك بارزانی زۆر سەركەوتووانە توانیوێتی مافی كورد لە جیهاندا بچەسپێنێت و وەك كارەكتەرێكی سیاسی كوردستانی و نێودەوڵەتی داكۆكی لە مافی نەتەوەكەی كردووە. ئەوەی ئەو ئەگەرە بەهێزتر دەكات بەوەی نەخشەی سایكس پیكۆ دوای سەدەیەك كۆتایی دێت، ئەو گرفت و كێشە ئاڵۆزانەیە كە لە ناو نەتەوە و پێكهاتەكانی ئیتنی لە ناوچەكەدا كەوتۆتەوە بە رادەیەك چەندین كۆمەڵكوژی دەرهەق بە گەلی كورد ئەنجامدراوە و سوننە و شیعەش لە ناكۆكییەكی وا سەختدان كە زەحمەتە جارێكی دیكە و بەم نزیكانە بتوانن پێكەوەبژین.


شايانى باسه عوسمان هەروەها گوتی: جێی داخە كەسانێك لەسەر خاكی كوردستان دەژین و بە زمانی كوردی قسەدەكەن، كەچی خیانەت لە زمان و خاك و نەتەوەكەیان دەكەن، بەوەی دژایەتی خواست و ویست و دەستكەوتەكانی گەلەكەیان دەكەن، ئەو گەلەی رۆژانە گەنجەكانیان شەهید دەبن و هەزاران قوربانی بەخشیوە لە پێناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان. من تێناگەم چۆن سیاسەتمەدار، یان كەسی یەكەمی حزبی وا هەیە كە وا بێباگانە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان قسە دەكەن، ئەوان شەرمیان لە كوڕ و كچ و خێزان و دایك و باوكی شەهید نییە، ئەو شەهیدانەی كە لە پێناو پاراستنی شەرەف و نامووسی ئەوان جوانەمەرگ بوون. یەكڕیزی و تەبایی گەورەترین چەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسانەی كە زۆرجار نیشانەی پرسیاری خیانەتیان لەسەرە، پێویستە ئەمڕۆ كە رۆژی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران و خەمخۆرانی نەتەوەكەمانە، دەستی یەك بگرن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵگری پرۆسەی سەربەخۆییە، ئەو سەربەخۆییەی مافی شەرعی و یاسایی نەتەوەی كوردە، هەموو كوردێك هەست بەو راستییە دەكات، كە هۆكاری بڕینی بودجە و مووچە لەلایەن بەغداوە، هەوڵێك بوو ئەوەی كورد نەبێتە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆی.



لە كۆتایی قسەكانیدا رێباز عوسمان هەروەها گوتی: نەدانی مووچەی پێشمەرگە و بێبەشكردنی لە چەك و تەقەمەنی بۆ ئەوە بووە كە كورد نەبێتە خاوەنی سوپای خۆی، ئێستا لە سایەی هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە، پێشمەرگە بۆتە ئەو سوپایەی كە بتوانێت كوردستان لە رووی سەربازییەوە بپارێزێت، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە وێڕای ئەوەی نرخی نەوت دابەزیوە و قەیرانیكی گەورە دروست بووە، كەچی هێزێكی وەك پەكەكە بە ئاشكرا رایدەگەیەنێت كە سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی كوردستان كە نەوتە دەیتەقێنێتەوە، دیارە ئەمەش لە هەڕەشەی داعش ترسناكترە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1064)
Top