زانكۆیەكی كوردستان بڕیاری شكاندنی بایكۆتی دا

 زانكۆیەكی كوردستان بڕیاری شكاندنی بایكۆتی دا
زانکۆی راپەڕین دوای ماوەیەک لە بایکۆتکردن بڕیاریاندا بایکۆت بشکێنن و، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوەیەش، کە دەوامیان نەکردووە، بڕیار دراوە، لە رۆژی سێشەممە 1-3-2016 تاوەکو رۆژی 17-3-2016 دەوام بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28-2-2016 ئەنجوومەنی زانكۆی راپەڕین لەكۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا، لەسەرجەم فاكەڵتی و سكوڵ و بەشەكانی زانكۆی راپەڕین دەوامی رەسمی لە رۆژی سێشەممە 1-3-2016 دەستپێبكاتەوە.

ئاراز رەمەزان، گوتەبێژی زانکۆی راپەڕین سەبارەت بە شکاندنی بایکۆت بە ( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەسەر داواكاری خوێندكاران و لەپێناو بەرژەوەندی خوێندكاران و لەدەستنەچوونی ساڵێكی خوێندنیان، لەسەرجەم فاكەڵتی و سكوڵ و بەشەكانی زانكۆی راپەڕین دەوامی فەرمی لە رۆژی سێشەممە 1-3-2016 دەستپێبكاتەوە.

گوتەبێژی زانکۆی راپەڕین گوتیشی "لە کۆبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکمان بڵاوکردووەتەوە و چەند بڕیارێکمان لەپێناو خوێندكارەكان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و لەدەستنەدانی چارەنووسی ساڵێكی خوێندنیان دەرکردووە".

بڕیارەکانی ئەنجوومەنی زانكۆی راپەڕین.

1. دەستپێكردنەوەی دەوام لەسەرجەم فاكەڵەتی و سكوڵ و بەشەكان لەرۆژی سێشەممە 1-3-2016ـەوە.
2. بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ماوەیەی لە سایەی بایكۆتكردندا لەدەستچووە بڕیاردرا تاوەكو رۆژی 17-3-2016 لەمیانی پشووی بەهارەدا خوێندن بەردەوام بێت و لەرۆژی 18-3-2016ـەوە پشووی بەهارە دەستپێبكات تاوەكو رۆژی 25-3-2016 واتە رۆژی 26-3-2016 دەوامی ئاسایی دەستپێدەكاتەوە.

3. پشتگیری لەپرۆژە پێشنیازكراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكەین سەبارەت بە سیستەمی مووچە.

4. ئەم بەیاننامەیە دوا بڕیار نییە و بەپێی قۆناخی داهاتوو ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان داواكاری مامۆستایانی زانكۆ پشتگوێبخات ئەوا هەڵوێست و بڕیاری دیكەمان دەبێت.

زانکۆی راپەڕین لە ساڵی 2010 دامەزراوە و یەکەم خولی دەرچوانیش لە ساڵی 2011-2012 بووە. ئێستا نزیکەی 5000 خوێندکار لەو زانکۆیە دەخوێنن و لە چوار فاکەڵتی و یەك سکوڵ پێکهاتووە، لەگەڵ چەند ناوەندێکی توێژینەوە.

زانکۆی راپەڕین لە ساڵی 2013 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حکومه‌تی عێراقەوە بە فەرمی دان بە زانكۆی راپەڕین نرا و، خرایه‌ ناو لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی عێراقەوە.


رووداو
Top