سبەینێ مامۆستایانی هەڵەبجە دەگەڕێنەوە هۆڵی وانە گوتنەوە
هێرش شەفیق بەناوی مامۆستایانەوە بەیاننامەیەکی خوێندوەوە و رایگەیاند "لەڕێگەی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێوەندی بە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانەوە کراوە و بڕیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان دراوە، لەپێدانی نیو مووچەکەی مانگی 9ی ساڵی رابردوو و پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەی مامۆستایان و پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا".
رۆژی پێنجشەممە 25-2-2016 مامۆستایانی ناڕازی پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی کۆبوونەوە و رایانگەیاند، تا سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
سۆران عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە رایگەیاند: "هەموو کار ئاسانییەک بۆ مامۆستایان دەکەین و لەسەر ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە بیرمان لەسزادانی ئەو مامۆستایانە نەکردووەتەوە کە ناگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن".
سبەینێش مامۆستایانی هەڵەبجە دەگەڕێنەوە هۆلەکانی وانە گوتنەوە و کۆتایی بە بایکۆتکردنیان دەهێنن.
