پەکەکە و یەکێتی پەلاماری یەکتر دەدەن
سایتی باس بلاویكردهوه سەرچاوەیەکی حزبی لە ئاستی باڵا ڕاگەیاند: “چەندین بارەگای حزبیی پەکەکە، بە ناوی جۆراوجۆر هاتوونەتە ناو شاری قەڵادزێ، ئێستاش دەستیان بە چالاکیی ناوشار کردووە و لە چەند شوێنێکیش بازگەیان داناوە و باج لە خەڵکی وەردەگرن، هەفتەی ڕابردووش کەرەستەیەکی زۆری پاڵاوگەیەکیان هێناوە کە لە شەرگات و بێجییەوە دەستیان کەوتووە و ویستوویانە بە بازگەی قەڵادزێوە بۆ ئێرانی ئاودیو بکەن، بەڵام لەوێ چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتی ڕێگربوون لە ئاودیوکردنی ئەو پاڵاوگەیە و لە ئەنجامدا پەلامار لە نێوان هەردوولا درووست بووە و دواجار یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە ڕێگای نەداوە پەکەکە ئەو کەرەستەیە ئاودیوی ئێران بکات کە ویستوویانە بیفرۆشن”. سەرچاوەکە ئاماژەشی بەوە کرد: “لە وەرزی هاویناندا پەکەکە بازگەیان هەیە، باج لە خاوەنی مەڕوماڵات و مێش هەنگوین و کۆڵ بەرەکانیش وەردەگرن".
ئەو سەرچاوەیە باسیشی لەوە کرد” “پەکەکە گرفتێکی زۆری درووست کردووە، بەتایبەتی بۆ یەکە ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، مەترسییەکانی زیاتر دەبێت، بە تایبەتی لە هەندێک شوێندا دەستیان بە ڕفاندنی گەنجان و منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ کردووە”. گوتیشی: “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێستا لە مەترسیی پەکەکە تێگەیشتووە، بۆیە دەرکەوتووە کە دەست شل کردنی بۆ پەکەکە مەترسییە".
پێشتر هەفتەنامەی (باس) ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی سلێمانی، دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین، گۆڕان و پەکەکە هاوکاریی یەکتر دەکەن.
