سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە مەراسیمی ڕۆژی نیشتیمانیی کوەیت کرد
لە سەرەتای مەراسیمەكەدا دکتۆر عومەر ئەحمەد ئەلکەندەری كونسوڵی گشتیی کوەیت لە هەولێر لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی و میوانەكانی كرد و لە قسەكانیدا ستاییشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە سەرکردایەتییکردنی شەڕ دژی تیرۆریستان و ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی بەها مرۆڤییەكان کرد و سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهیدانی کوردستان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. کونسوڵی کوەیت لە درێژەی وتارەکەیدا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە.
پاشان وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە گەل و حكوومەتی کوەیت كرد بەبۆنەی ڕۆژی نیشتیمانی و یادی ئازادکردنی کوەیت. هەروەها جەختی لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کوەیت کردەوە و داوایشی لە وڵاتی کوەیت كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بن لە هاوكاریكردن و یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن.
