كوردستان تەنیا ئەوەی ماوە ببێتە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان
رۆبێرت رابیل هەروەها گوتی: بەڵی بەرژەوەندی هاوبەش هەیە لە نێوان ئەم وڵاتانەدا، بەڵام لەهەمانكاتدا ناشتوانن لەگەڵ یەك كار بكەن. بۆ نموونە سعودیە و ئێران تاڕادەیەك سازشیان لەسەر لوبنان كردووە، بە یەكەوە كاردەكەن، ناڵێم هەموو ڕۆژێك كاردەكەن بەیەكەوە، بەڵام تا رادەیەك توانیویانە سەقامگیرییەكی دیاریكراو لە لوبنان درووست بكەن و ئەم سەقامگیرییەش بەرهەمی هاوكارییەكی دیاریكراوە لە نێوان سعودیە و ئێراندا. سەبارەت بە پێگەیان بەرانبەر ئەمریكا، هەردووكیان نیگەرانی و هاوكاریشیان هەیە، ئەمریكا هەمیشە كاری لەگەڵ سعودیە كردووە، بەڵام كاتێك دێتە سەر سووریا، سعودیە دەیەوێت ئەسەد لەسەر حوكم نەمێنێت، بەڵام كاتێك رووسیا دێتە مەسەلەكەوە، ئەوا داڕووخانی ئەسەد نابێتە مەسەلەیەكی سەرەكی. ئایا ئەسەد جارێكی دیكە هەموو سووریا دەگرێتەوە؟ نەخێر ئەسەد ناتوانێت زیاتر لەسەدا بیستی سووریا بەڕێوەبەرێت، هەرگیز ناتوانێت ئەوە بكات، بۆیە لێرەدا مەسەلەكە وەك باسم كرد تراژیدیاكەیە كە ئەوەندە گەورەیە هاوشێوەی نەبووە، دەزانی چەند پەنابەر لە توركیا و لوبناندا هەن؟ بەڕاستی دڵهەژێنە، بەڵێ زۆر جیاوازی هەیە، بەڵام هەمووشمان شتێكی هاوبەشمان هەیە، هەر ئەمەشە واتەی دیپلۆماسی و سیاسەت، بۆیە پێموایە ئەمریكا و سعودیە و توركیا پیویستە پێكەوە كاربكەن.
شايانى باسه رابیل هەروەها گوتی: چەند ساڵێك لەمەوپێش كاتێك باس لە سایكس پیكۆ دەكرا، بەڵێ وابوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات سووریا هەر سووریایە و عێراق هەر عێراقە، هەر وڵاتێك بۆخۆی هەیە، سەبارەت بە عێراق، كورد دەمێكە دەچەوسێنەوە و ئازار دەچێژن و دەسەڵاتداران هەژمونیان بەسەردا سەپاندوون و مافەكانیان پێشێل كردوون، بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان هەموو شتێكی هەیە لەناو دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا، تەنیا ئەوە نەبێت كە لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەندام نین. ئەگینا پەرلەمان و سوپا و سەرچاوەی داهات و هەمووشتێك، بە بۆچوونی من چ لە عێراق و چ لە سووریا دەمەوێت دەوڵەتی فیدڕاڵی هەبێت و كورد ئۆتۆنۆمی خۆیان هەبێت، بەڵام چیتر نابێت دەسەڵاتی ناوەندی توندوتیژی و ئیرادە و دەسەڵاتی بسەپێنێت بەسەر خەڵكانی دیكەدا، ئەمەش مەسەلەی سنوورەكان چارەسەر دەكات، عێراق هەر عێراق بێت و توركیا و هەر توركیا بێت و سووریا هەر سوریا بێت، هەرچەندە ئێستا سنوورەكان تۆزێك گۆڕاون، بەڵام كاتێك ئۆتۆنۆمی هەبوو، ئەوا ئەمانە چارەسەر دەكرێن.
رۆبێرت لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: یەكەمجار بەدڵنیایەوە دەبێت كێشە و مەترسیی داعش چارەسەر بكرێت، بەڵام ناشزانم بۆچی ئێستا باس لە دیموكراسی دەكرێت لەناوچەكەدا وەك ئەوەی لە رۆژئاوا لێی تێگەیشتوون. قسە لەبارەی مافی سیاسی و مەدەنی بكرێت لە جیاتی باس لە دەسەڵاتی قەزایی، هەروەها مافی نەتەوەكانی عەرەب و كورد و هەموو نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت، دەبێت باسی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بكرێت لە ئیستادا كە ئەمە كێشەیەكی گەورەیە. پێموایە سوننەكان دەبێت بچنە بەرەكانی پێشەوە و ئەو رێكخراوە توندوتیژەی داعش لەناوبەرن، بەڵام شتێك هەیە سەبارەت بە ئێران ئەویش كردنەوەی دەرگاكانیەتی بە رووی جیهاندا لە رووی ئابوری و سیاسییەوە و هیوادارم ئەنجامەكانی بەسەر كۆمەڵگەی ئیرانییەوە ببینم.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1063)
