نێچیرڤان بارزانی چوار بەڵێن دەداتە مامۆستایان
رۆژی دووشەممە22-2-2016 نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و قوباد تاڵەبانى) جێگرى سەرۆکى حکومەت، لەگەڵ د.پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەت و سەرۆکى یەکێتى مامۆستایانی کوردستان و هەردوو بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەکانى هەولێر و سلێمانى کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە مەبەستى کۆبوونەوەکە گەیاندنى پەیامى مامۆستایان بە سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمی کوردستان و دیاریکردنى چارەسەرى ئەو گرفتانە بوو کە لە ماوەى رابردوودا بوونە هۆى بایکۆتکردنى خوێندن لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان.
لەراگەیێندراوەکەدا هاتووە کە"سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جێگرەکەى سوپاسی دەستپێکردنەوەى خوێندنیان کرد لەو دەڤەرانەى کە لە هەندێک قوتابخانەیاندا خوێندن بایکۆت کرابوو، دووبارە دڵنیایی درایەوە بە مامۆستایان کە ئەم دۆخە بەردەوام نابێت و تێدەپەڕێت".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران رایانگەیاندووە :"گرنگ ئەوەیە منداڵان لەوە زیاتر زەرەرمەند نەبن و بتوانن ئاسوودە وانەکانیان بخوێنن و ئەزموونەکانیان ئەنجام بدەن".
وەزارەتی پەرەوەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەنجامى ئەرێنى کۆبوونەوەکەی سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەى و وەزیرى پەروەردە لەم خاڵانەى خوارەوەدا کورت دەکرێتەوە:
یەکەم: بەمنزیکانە و لەم چەند رۆژەى داهاتوودا، "وادەى دابەشکردن"ـى نیوەمووچەى مانگى (9-2015)ى زایینى دیارى دەکرێت.
دووەم: پێداچوونەوەى بەخشتەى مووچەى فەرمانبەران بە گشتى دەکرێت و ناهێڵدرێت فەرمانبەر زەرەرمەند بێت.
سێیەم: زەوى یا کۆمەڵگەى نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان دابین دەکرێت.
چوارەم: بڕوانامەکانى "کۆلێژى کراوە" کە ژمارەیان نزیکەى (500) بڕوانامەیە، ددانیان پێدا دەنرێت.
رووداو
