سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی لەگەڵ مامۆستایان کۆدەبێتەوە

سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی لەگەڵ مامۆستایان کۆدەبێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 22\2\2016، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. ئەندامێکی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانیش ئاشکرای دەکات، کۆبونەوەکە یەکلا کەرەوە دەبێت.



د. “نادر نانەکەلی"، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیاند: بڕیارە سەعات 2:30 دەقیقەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی "نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و "قوباد تاڵەبانی"، جێگری سەرۆکی حکوومەت، لەگەڵ مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی مامۆستایان کۆببنەوە کە نوێنەری وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاش بەشدار دەبێت”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا 11 خاڵی سەرەکی لە داخوازییەکانی مامۆستایانی کوردستان دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.



ئەو ئەندامەی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو: خاڵی سەرەکیی گفتوگۆ بریتی دەبێت لە پێدانی نیو مووچەکەی دیکەی مانگی 9ی مامۆستایان، لەگەڵ چاوخشاندنەوە بە خشتەی پاشەکەوتی مووچەی مامۆستایان بۆ مانگی دوو، چونکە لە ئێستادا ناڕەزایی زۆری لێ کەوتووەتەوە”.



پێشتر چەند جارێکی دیکە، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە داواکارییەکانی مامۆستایان کۆبوونەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکان نەبوونەتە هۆی ڕاگرتنی ئەو بایکۆتەی کە مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕایانگەیاندووە.








باسنیوز
Top