بێ بەشداریكردنی پێشمەرگەو هەماهەنگیی سەربازی ئەستەمە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ سەربگرێت

بێ بەشداریكردنی پێشمەرگەو هەماهەنگیی سەربازی ئەستەمە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ سەربگرێت
لە دیدارێكی تایبەتی گۆڤاری گوڵاندا تۆفیق یاسری شارەزای سەربازی و ستراتیژیی ئەمنیی عێراقی گوتی: بەپێی زانیارییەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان گردبوونەوەیەكی كەمیی هێزی عێراقی هەیە، شان بە شانی هێزی پێشمەرگەو بەشێك لەو هێزانەی توركیا كە هاتوونەتە ناوچەی باشیك، هاوكات هەندێ زانیاری دزەیان كردووە كە داعش دەستی كردووە بە ئامادەباشیی و هێزەكانی بۆ بەرگریكردن لە شاری موسڵ بڵاوەپێكردووە، هەروەها چەندین سەنگەری خۆقایمكردنی لێداوە و رێكاری توندوتۆڵی گرتۆتەبەر، بۆیە داعش ترسی ئەوەی لێ نیشتووە كە مەسەلەی پەلاماردانی موسڵ نزیك بۆتەوە.


تۆفیق یاسرى هەروەها دەڵێ: ئەم شەڕە زۆر قورس و سەخت دەبێت، بەڵام مەسەلەكە سەروەریی وڵاتە, موسڵیش دووەمین گەورە پارێزگای عێراقە، لە ئێستادا ئەم شارە لە دەرەوەی شەرعییەت و سەروەری و یاسای عێراقدایە، بۆیە شتێكی ئاساییە كە هەموو ئامادەسازی و تواناو تەقەڵڵایەك بخرێتەگەڕ بۆ گرتنەوەو ئازادكردنی ئەم شارە، لەبەر ئەوە لەئێستادا هەموو هەوڵی حكومەت ئامادەكردنی هێزو دانانی پلان و بەرنامەی سەربازی و ستراتیژییە بۆ دانانی كاتژمێری سفرو دەستكردن بە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ، دیارە ئەم هێرشەش هەر وا ئاسان نابێت، چونكە دەبێ پێشتر تۆپباران بكرێت و وەڵامدانەوەی چەكداریی داعش بێ دەنگ بكرێت، ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە موسڵ شارێكی قەرەباڵغەو ژمارەی دانیشتووانەكەی لە ملیۆنێك زیاترە، هاوكات هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر شارەكە بێ ئەوەی گورزی ئاسمانی لە بنكەو مۆڵگەكانی داعش بدرێت زیانێكی زۆر نەك هەر بە هێزەكانی عێراق دەگەیەنێت بەڵكو خەڵكە سڤیل و بێ دەسەڵاتەكەی ئەم شارەش لەناودەچن، دیارە داعشیش حیسابی خۆی دەكات و لەهەموو شوێنێك هێزەكانی خۆی دابەش دەكات كە زیانی زۆری بەدوادا دێت.

شايانى باسه یاسرى هەروەها دەڵێ: داعش هێزەكانی خۆی دابەش دەكات، دەروازەی هاتنە ناوو دەرچوونی شارەكە كۆنتڕۆڵ دەكات و بازگە دادەنێت و خەڵكەكەش ناتوانن لەلایەن هێزەكانی عێراقییەوە بواری رزگاربوونیان بۆ دابین بكرێت، لێرەدا كارەساتی مرۆیی دێتە ئاراوەو قوربانی گیانیی لێدەكەوێتەوە. دەكرێ هەندێ هێز بە فڕۆكە لە دەوروبەرو گەڕەكەكانی شارەكە دابەزێنرێن تاكو رێگە بۆ خەڵكە مەدەنییەكە بكەنەوە، بەڵام ئەوەش سەركێشییەو توانا و پلانی پێویستە، بەڵام لە هەمان كاتدا پێموایە دەكرێ لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی چەكداریی نێوان هێزەكانی عێراقی و داعشدا خەڵكانێك بتوانن دەرچەیەك یان دەروازەیەك بدۆزنەوەو خۆیان رزگاربكەن و لە شارەكە بێنە دەرەوە.

لە درێژەی قسەكانیدا تۆفیق گوتی: شتێكی ئاساییە كە فەرماندە سەربازییەكان لە دوای هەموو هێرش و شەڕێك پلان و بەرنامەی دیكە بۆ شەڕی دواتر دادەنێت، چونكە دوژمنەكە هەمان دوژمنە، سەربازو جەنگاوەری عێراقی هەر خۆیانن، ئەو چەكانەی لای هەردوو لاش هەر هەمان چەكن، هێزی ئاسمانی عێراقیش هەر خۆیەتی، بەڵام رەنگە سروشتی جوگرافیی ناوچەكە جیاوازیی هەبێت، ئەوەی نەینەوا چیاو گردۆلكەو دۆڵ و شتی دیكەی جیاوازە لەگەڵ ئەنبار، ئەوێ دەشتاییەو بیابانەو سروشتی شەڕكردن دەگۆڕێت، هاوكات رەنگە سروشتی ئەم هێرشانە لە رووی توانای تەكنیكی و ئامێرو پێداویستیی سەربازی جیاوازتر بێت و توانای زیاتری بوێت تاكو پلانەكە سەربكەوێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا یاسرى دەڵێ: ئاساییە، بەر لە هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی، پێویستە گردبوونەوەی هێز لەئارادابێت، واتا گردبوونەوەی سەربازی یان ئیداری هەبێت، هاوكات پێداویستییەكانی سەرجەم ئەو یەكە سەربازییانەی كە هێرشیان پێ دەكرێت، ئەمە وێڕای پلان و بەرنامەی سەربازی كە دەبێ زۆر نهێنی بن، بۆیە ناكرێ وردەكاریی تەواوی ئەو پلانە سەربازییانە ئاشكرابكرێن، ئەوە پێویستی بەوە هەیە چۆن هێزەكان دابەش دەكرێن و لە كام بەرە یان شوێنەوە دەست پێدەكرێت، هەماهەنگیی نێوان فەرماندە سەربازییەكان و هاوكاریكردن بۆ هێرش كردنە سەر فڵانە خاڵ و فڵانە تەوەرە چۆن دەبێت، ئەم شتانە هەموویان پێویستییان بە پلان و رێككەوتن هەیە. دیارە ئەو هەموو هێماو ئاماژانە، دەكرێ لە خەڵكی ئاساییەوە بزانرێت چونكە ئاكارو شێوازی نیازی هەرش كردن پێشتر لای خەڵكەكە روون دەبێتەوە، تەنانەت لای رەتڵی پێنجەم دەزانرێ ئەو خۆئامادەكردنە بۆچییەو خەریكە پلانەكە تەواودەكرێت بۆ هێرش كردنە سەر شاری موسڵ.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1063)
Top