نێچیرڤان بارزانی: مانگانە حكوومەت بە خشتەی مووچەدا دەچێتەوە
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوو بەڕێزان سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی تیشكیان خستە سەر هۆكارەكانی قەیرانی دارایی و ئەو ڕێكارە كاتی و ناچارییانەی بۆ دەربازكردنی ئەو قەیرانە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گیراونەتە بەر لەگەڵ ئەو چاكسازییانەی كە لە هەمان كاتدا حكوومەت لە هەموو بوارەكانی كارگێڕی، دارایی، ئابووری و تەواوی كەرتەكاندا، خستوویەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لای خۆیانەوە نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چەندین تێبینی، سەرنج و پێشنیاریان بۆ چۆنییەتیی چارەسەركردن و تێپەڕاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و ڕەخنەیان لە چەند كەموكورتییەكی حكوومەت گرت.
پاشان لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا لە ماوەیەكی داهاتووی نزیكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی وۆركشۆپێكی هاوبەش ساز بكەن بۆ ئەوەی ئەو سەرنج و تێبینی و پێشنیارانەی لە كۆبوونەوەكەدا خرانە ڕوو، بە شێوەیەكی ڕێكوپێكتر پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێن، ئەمەش وەك بەشدارییەكی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشدارییان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردن و دەربازكردنی ئەم قەیرانە.
لە كۆتاییدا هەردوو بەڕێزان سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجی بەشدارانی كۆبوونەوە، دووپاتیان كردەوە كە حكوومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و جەختیان لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە سەركەوتووانە ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنێت.
