گەڕانەوە بۆ شنگال بەردەوامە
( مەحما خەلیل) قایمقامی شارۆچكەی شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: لەو ماوەیەدا سەردانی دەرەوەمان كردوو و لەگەڵ چەندین بالوێزی بیانی كۆبووینەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا باسمان لە كارەساتی شنگال و جینۆسایدی شنگال و ئەو كەسانەی لە دەستی تیرۆرستانی داعش ماون كردوومان، هەروەها داوامان كرد هاوكار بن بۆ ئەنجامدانی كۆنفڕانسێك لە شنگال و دانانی سندوقێكی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال، ئەوانیش بەڵێنی خۆیان دەربڕی كە هاوكاری ماددی و مەعنەوەی شنگال بكەن، چونكە شنگال تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە پێویستە هاوكاربین بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال.
قایمقامی شارۆچكەی شنگال ڕوونیشی كردەوە، دوای ئازادكردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرپەرشتی (سەرۆك بارزانی) خەڵكی ناوچەكە ڕوویان لە ماڵ و حاڵی خۆیان كردووە و رۆژانەیش گەڕانەوەی خەڵكی شنگال بۆ ناو سەنتەری شارۆچكەی شنگال بەردەوامە، ئەگەر بێت و شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ شنگال و دەوروبەری دابین بكرێن، ئەوا خەڵكێكی زیاتر دەگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئەوەیش پاڵپشت دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگە و ئیدارەی ناوچەكە.
