ئەمریكا و دەوڵەتانی سوننە رووسیا وەك هاوپەیمانی شیعە سەیر دەكەن

ئەمریكا و دەوڵەتانی سوننە رووسیا وەك هاوپەیمانی شیعە سەیر دەكەن
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پاوڵ سۆلیڤان پسپۆڕ لە ئاسایشی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: دەستێوەردانی رووسیا لە سووریا حیساباتی زۆریەك لەو لایەنانەی گۆڕیوە كە تێوەگلاون لە بارودۆخەكەوە. هەرچییەك بێت رووسیا یاریزانێكی سەرسەختە و ئامانجی خۆی هەیە كە بە لانی كەمەوە پێموایە یارمەتیدەری كاتی رژێمەكەی ئەسەدە، تا ئەلتەرناتیڤێكی بۆ دەدۆزرێتەوە. بە ئامانج نەگرتنی داعش لەلایەن رووسیاوە و هێرشكردنەسەر لایەنەكانی دیكە لەلایەن ئەم وڵاتەوە، بۆتە هۆی ئالۆزكردنی بارودۆخەكە، ئەوەش پێمان دەڵێت بۆ رووسیا پاراستنی رژێمەكە گرنگترە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش. بوونی فڕۆكەكانی رووسیا و سەربازەكانی ئەو وڵاتە لە سەر زەمین بارودۆخەكەی گرژتر كردووە، ئەگەری ئەوەش هەیە زیاتر مەترسیدارتری بكات. ئەگەری ئەوە هەیە فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەوانی دیكە پتر تێوەبگلێن لە بارودۆخی سووریا و هەروەها بارودۆخی عێراقیش. بەهۆی سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتەكە و هەروەها بەهۆی هەڵبژاردنەكانی داهاتووشەوە، بەتایبەت كە تەمەنی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لە كۆتایی نزیك بووەتەوە، ئەوا كار و كردەوەكانی ولایەتەیەكگرتووەكان لە مەودایەكی سنوورداردا دەمێنێتەوە و ئەمەریكا پەنا بۆ كردەوەی گەورە و توند نابات.


پاوڵ سۆلیڤان هەروەها گوتی: ئەمریكا، رووسیا وەك هاوپەیمان نابینێت و پاڵپشتی ئەسەد ناكات. ئەمە بۆ سعودیە و زۆر وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش راستە. ئەمە بەڕاستی بارودۆخێكی ئاڵۆزە كە زۆر لایەن تێوەیگلاون و هەندێكجار بەرژەوەندیی ناكۆك و دژبەیەكی تێدایە، تەنانەت لە ناو هەر وڵاتێكیشدا ئەمە بەدی دەكرێت. ئەو خەڵكانەی بەشێكن لە داعش، دەتوان ببن بە بەشێك لە گرووپە توندڕەوەكانی تریش. هەندێكجار روون نییە كێ چییە لەسەر زەمین، تەنیا شتێك كە روونە ئەوەیە كە ئەوانەی لە رادەبەدەر توندڕەون و دوژمنی كورد و تورك و ئێرانی و هەموو جیهانن. ئەوانەی كە لە نێو ئەو قەوارە شەڕانگێزەدان كە ناوی دەوڵەتی ئیسلامییە ودوژمنی جیهانن. خۆشیان دوژمنانیان زۆرە، باشترین رێگەش ئەوەیە دوژمنەكانی داعش پێكەوەكار بكەن بۆ رزگاركردنی ناوچەكە و جیهان لەم شێرپەنچەیە. هەر بۆیە من هیوادارم سنووری ئەم شیكردنەوەیە تێپەڕێنین. چونكە هیچ هۆكارێكی ئایدیۆلۆژی و ئایینی نییە كە پاساوی ئەوە بێت رووسیا پێیوابێت پێویستە هاوپەیمانی وڵات و گرووپە شیعەكان بێت.

شايانى باسه سۆلیڤان هەروەها گوتی: پێویستە ئیسرائیل زۆر وریا و بێدەنگ بێت لەم بارەیەوە، ئێستا بارودۆخی ئیسڕائیل لە رووی ئەمنییەوە زۆر ناسكترە، بە بەراورد بە بارودۆخی سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتەكەیان.

لە كۆتایی قسەكانیدا پاوڵ گوتی: رێككەوتننامەی سیڤەر كە رۆژگارێكی دوور و درێژ پێش ئێستا ئەنجام درا- دەوڵەتی بە كورد رەوا دەبینی، بەڵام ئەم رێككەوتنە نەیتوانی بەرگەی ئەو گۆڕانكارییە بگرێت كە لە سەركردایەتی ناوچەكەدا هاتەئاراوە. كورد، توندڕەوەكانیانی لێ دەرچێت، دەتوانن ببنە بەشێكی گەورە لە چارەسەر بۆ زۆرێك لە كێشەكانی ناوچەكە. پێویستە دوژمنە راستەقینەكان لە هاوپەیمان و دۆستەكان جیابكرێنەوە. ئەمەش كارێكی ئاسان نییە. پێویستە چارەسەری نەهامەتییەكانی رابڕدوو بكەین بۆ ئەوەی ناوچەكە لە كوشتاری بەكۆمەڵی زیاتر و زریانی سیاسی و سەربازیتر كە بەڕێوەیە، بپارێزین. چونكە روودانی ئەمانە حەتمی نییە و لە چارەنووسیان نەنووسراوە. هەندێكجار دەبێت مامەڵەی زۆر قورس بكرێت لە پێناو خێر وخۆشیی ناوچەكە و جیهان. بۆیە من وای دەبینم كورد دەتوانێنت ببێتە بەشێكی گەورە بۆ چارەسەری زۆرێك لە كێشەكانی ناوچەكە. كاتی ئەوە هاتووە كە بەرەو ناوچەیەكی باشتر هەنگاو بنێن، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1049)

Top