" كەینێ گۆڕان داوای لێبوردنی لە خەڵك كرد، پارتی دەرگای گفتوگۆ دەکاتەوە"

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دەڵێ بۆگفتوگۆ و دانیشتنەوە لەگەڵ گۆڕان مەرجی خۆمان هەیە؛ مادامەکینێ گۆڕان ئاژاوەیان نایەوە، دەبێ داوای لێبوردن لە خەڵكی هەرێم بكەن، ئەو خەڵکەی وا لە سای بەزمەکەی ئەوان ئەزیەتیان خوارد و، ماڵیان سووتا و، کەسیان لێ شەهید كرا؛ لەویش قورستر مەترسییان خستە سەر هەرێم، بۆیە كەی داوای لێبوردنیان لە خەڵكی كرد و دەستبەرداری ئەو سیاسەت و پلانانەی جارانیان بوون ئەوكات دەرگای گفتوگۆی پارتی دانەخراوە.

(عەلی حوسێن) بەرپرسی لقی 2ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان و، ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تائێستا لە هەولێر گۆڕان بارەگاكانی كراوەیە و كاری خۆیان دەكەن، بەڵام ئێمە هەڵویستێكی سیاسیمان لە بەرانبەر گۆڕان وەرگرت لە ئاست پەرلەمان و حكوومەت. چونكە ئێمە بە ڕێكەوتنی سیاسی لەگەڵیان ڕێك کەوتبووین و، بۆ ئەندامیەتیی پەرلەمانیش ئێمە گرفتمان نییە چونكە خەڵك دەنگی پێ داون. بەڵام ناكرێ لە حكوومەتدا بیت و، ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتیش بیت و، پیلانیش بگێڕی!"

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی پێوەست بە كاردانەوەكانی پارتی ڕوونی كردەوە كە "ئەوەی پارتی كردی كارداونەوەیەك بوو بەرانبەر بە كردەوەی گۆڕان، ئەو كاردانەوەیەش بە تووڕەییەوە نەبوو، بەڵكو بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بوو. لەبەر ئەوەی بەپێی ئەو دیكۆمینتانەی لە بەردەستدان و، لە ماوەیەدا بڵاو كراونەتەوە ئاماژە بەوە دەكەن پلانگیری و بەرنامەی گۆڕان دەبووە هۆكاری پشێوی و، ئاساییشی كۆمەڵایەتی لە هەرێم دەخستە مەترسییەوە و، دەبووە مەترسییەك بۆ سەر ئەو ئەزموونەی كە لە هەرێم هاتووەتە كایەوە. هەربۆیە پارتی هەستی بە بەرپرسیاریەتی كرد و كاردانەوەی خۆی پێشان دا."

ئەو ئەندامەی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ ئاماژەیشی دا: "پارتی و یەكێتی لەبەر ئەوەی بە قۆناغێكی دوورودرێژدا تێپەڕیون و، ئەرك و بەرپرسیاریەتیان زیاترە لە خەڵكی تر، وەكچۆن خەڵك زیاتر ڕەخنە لە ئێمە دەگرێت، بەرپرسیاریەتییەکەیشمان زێدەترە. بۆیە كە مەرترسییەك لەسەر هەرێم دروست بوو ئێمە دەبێ بەرگەی ئەوە بگرین، با بە زیانی ئێمەش تەواو بێت، دەبێ بە قازانجی ئەزموونی هەرێم تەواوی بكەین. بۆیە پارتییش لەم ڕوانگەیەوە بڕیاری خۆی داوە."

ئەو بەرپرسە لەبارەی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی پارتی و گۆڕانەوە ڕایگەیاند: "بۆگفتوگۆ و دانیشتنەوە لەگەڵ گۆڕان خۆ ئێمە یەك میللەتین و هەرچۆنێك بێت دەرگای گفتوگۆ بە یەكجاری داناخەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە نەك هەر مەرج لە بزووتنەوەی گۆڕان قەبووڵ ناكەین بۆ گفتوگۆ، مەرجی خۆیشمان هەیە. چونكە كارەكە ئەوان كردوویانە و كاردانەوە ئێمە بووین. گۆڕان هۆكاری دروستبوونی پشێوی بوون لە هەرێم و دەبێ داوای لێبوردن لە خەڵكی هەرێم بكەن كە ئەزیەتیان داون و ماڵیان سووتاندوون و شەهیدیان كردوونە؛ بەتایبەت لەبارەی ئەو مەترسییەی خستیانە سەر هەرێم بە گشتی؛ جا با گۆڕان داوای لێبوردن لە خەڵك بكات، ئینجا بیر لەوە بكەنەوە لایەنی تر و كەسانی خاوەن پێگە بتوانن ڕۆڵێكی كاریگەر بگێڕن لەوەی كە بیانگەڕێننەوە نێو مەنتق و، واز لەو سیاسەت و پیلانانگێڕیانەیان بێنن كە دەیان كرد. بۆیە كەی ئەوا داوای لێبوردنیان لە خەڵكی كرد و، دەستیان لەو سیاسەت و پیلانەی جارانیان هێنا ئەوكات دەرگای گفتوگۆی پارتی داخراو نابێت."

Top