پەکەکە کۆتایی بە ئاگربەستەکەی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هێنا
بە گوێرەی هەواڵی بی بی سی، پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاندووە، بە هۆی "سیاسەتە جەنگخوازانەکانی حکومەتی تورکیا" کۆتایی بەو ئاگربەستە یەک مانگەیە دێنێت کە رایگەیاندبوو و ئیتر پابەندی نابێت.
لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکشەممەی رابردووی تورکیا، ئاک پارتی توانیی زۆرێنەی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بەدەست بێنێت و توانای ئەوەی هەیە بە تەنیایی حکومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە پێک بهێنێت. لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، "پێداگرە لە سەر لە ناوبردنی گەریلاکانی کورد".
شایەنی ئاماژە پێکردنە لە مانگی تەموزی رابردوو دانۆستانەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو، بە بێ ئەنجام کۆتاییان پێهات. لەو کاتەوە تاکو ئێستا توندوتیژی لە ناوچەکانی باکوری کوردستان رووی لە زیاد بوون کردووە. تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوو نزیکەی 40 کەس لە ئاکامی ئەو توندوتیژییانە گیانیان لەدەست داوە.
