ئەگەر پێشمەرگە بەشداری نەكات گرتنەوەی موسڵ كارێكی مەحاڵ دەبێت

ئەگەر پێشمەرگە بەشداری نەكات گرتنەوەی موسڵ كارێكی مەحاڵ دەبێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان تۆفیق یاسری شارەزای سەربازی و ستراتیژی بۆ گوتى: لە راستیدا ئەمە شەڕێكی سیستماتیك و رێكخراو نییە، ئەوەی هەیە پارتیزانییە بە شێوەیەكی پێشكەوتووتر، چونكە داعش بەو چەك و پێداویستییە سەربازییەی هەیەتی، هەروەها پشتیوانی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی توانیویەتی تا رادەیەك بەرگری بكات، لەهەمان كاتدا ئەو بیروباوەڕەی لای چەكدارانی داعش هەیە لەگەڵ ئەوەی ئێمە جیاوازە كە باكیان بە هیچ نییە و دەتوانن لە شوێنێك شكان لە شوێنێكی دیكە بەرگری بكەنەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك ئەو شەڕە پارتیزانییە و سیستماتیك نییە، لەلایەكی دیكەوە دەبینین داعش كاتێ دەزانێ لە شوێنێك، یان بەرەیەك تێكدەشكێ یەكسەر دەكشێتەوە بۆ بەرەیەكی دیكە كە پێشتر خۆیان بۆ ئامادە كردووە، بۆ نموونە كاتێ لە بێجی تێكشكان و زیانێكی زۆریان پێگەیشت، بە كتوپڕی و بەپێی پلانێكی دیكە روویان لە شوێنێكی دیكە كرد، ئەویش دەستگرتن بوو بەسەر رێگای سەرەكی بێجی- سامەرا و توانییان ئەو رێگایە كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام سەرباری ئەمەش كە ئەو شوێنەیان كۆنتڕۆڵ كردووە، ئەوان حیسابی هەندێ شتی دیكەشیان كردووە، ئەویش ئەوەیە كە رەنگە ئێستا كەش و هەوا بۆ ئەوان لەبار بێت كە فڕۆكەكانی عێراق نەتوانن گورزیان لێ بوەشێنن، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی دەتوانن ئەو رێگەیان پێ چۆڵ بكەن.



تۆفیق یاسرى هەروەها گوتی: من لەو باوەڕەدا نیم رزگاركردنی ئەو شارە بەو ئاسانییە بێت، ئەوە بۆ دوو مانگ دەچێت باس لە رزگاركردنی رومادی دەكرێت و هەموو رۆژێك لێدوانمان گوێ لێ دەبێت لە شارەزایان و فەرماندە سەربازییەكان و بەرپرسان كە رزگار دەكرێت و دڵی خەڵكەكە خۆش دەكەن، بەڵام وا دەبینن تا ئێستا تەنیا هەندێ تۆپباران دەستی پێكردووە، كە ئەمەش لە رووی سەربازییەوە بە هێرش دانانرێت، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە هەر یەكێك هەڵدەستێ لێدوان دەدات، فڵانە رۆژ دەست دەكرێ بەو ئۆپەراسیۆنە، یان ئەو هێرشە، لە هیچ شەڕێكی پارتیزانی، یان سیستماتیكی دەوڵەتان ئەم شتە نییە، ئاخر بە دەستی خۆمان بە دوژمن دەڵێین، ئاگات لێ بێت بەم زوانە دێینە سەرت و هێرش دەست پێدەكەین. چۆن دەبێت پلانی سەربازی ئاشكرا بكرێت، ئەدی دوژمن كاردانەوەی چی دەبێت؟ بێگومان ئامادەسازیی خۆی دەكات.

شايانى باسه یاسرى هەروەها گوتی: رزگاركردنی موسڵ زۆر سەخت و زەحمەتە و پێویستی بە توانای زۆری سەربازیی هەیە، لە چەك و ئامێر و تەقەمەنی، هاوكات هێزی ئاسمانی و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان هێزی زەمینی و ئاسمانی، لەگەڵ توانای ناوخۆی شارەكە و هاوكاریی دانیشتووان، بۆیە كات و رێوشوێنی زۆر گرنگ و هەستیاری دەوێت، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت كە ئەم كارە پێویستی بە بەردەوامبوون هەیە، واتا قۆناغی یەكەم كە تەواودەبێت، نابێ راوەستن، بەڵكو قۆناغی دووەم و پشتیوانیی زەمینی و ئاسمانی بە بەردەوامی هەبێت، لە هەمووی گرنگتر ورەی چەكداران و ئەو هێزانەی بەشداری تێدا دەكەن.



لە كۆتایی قسەكانیدا یاسرى هەروەها گوتی: ئەگەر پشتیوانیی تەواوی پێشمەرگە نەبێت، رزگاركردنی موسڵ ئاسان نابێت، چونكە هەموو لایەك دەزانێت كە پێشمەرگە توانایی و ورەیەكی بەرزی شەڕكردنیان هەیە و زیاتر خۆڕاگرن، پاشان ئەوانن لە رووی جوگرافیشەوە شارەزاییان هەیە لە زەمین و رێگەوبان و شوێنەكان بە گشتی بە بەراورد لەگەڵ هێزەكانی عێراقی كە خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، جگە لەمەش پێشمەرگە توانای بەرگرییان هەیە و ئەزموونێكی دیار و بەرچاویان هەیە، لە هەموو شەڕەكاندا سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و چەك و تەقەمەنی پێشكەوتوویان هەیە، نزیكترین نموونەش بەشداریكردنیان بوو لە ئۆپەراسیۆنی (حەویجە) لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكان كە بۆ هەموو خەڵكیان سەلماند كە توانای شەڕ و بەرگری و خۆڕاگرییان هەیە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە( 1048)
Top