بۆ ئەوەی بگەینە كەناری ئارامی پێویستە هەموومان هاوكاریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین
مەلا یادگار سەید عەلى هەروەها گوتی: ئەوەی لای من سەیرە ئەوەیە بۆچی حزبەكانی كوردستان ناتوانن خۆیان كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن؟ بۆچی دەبێت هەموو كات لایەنێكی دەرەكی، یان دەوڵەتێكی دەرەكی بێنە نێوانیان بۆ ئەوەی كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات و سەرەنجامیش كۆمەڵێك مەرجی خۆی بەسەریاندا فەرز بكات؟ بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەك دروست بێت، حزبەكان بتوانن دانوستاندن بكەن و سازش بۆ یەكتری بكەن. حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە ئێستادا گرنگە خۆیان رووبەڕووی ئەو پرسیارە بكەنەوە، بۆچی سەد ساڵە خەبات دەكەین و خوێن دەبەخشین، كەچی هەتا ئێستا نە خاوەنی ئاڵای خۆمانین، نە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمانین؟ من پێموایە هەموو نەتەوەیەك دوو دوژمنی سەرەكی هەیە، دوژمنێكیان دەرەكییە، ئەوی دیكەیان دوژمنی ناوخۆییە و پێوەندی بە نەفسی خۆمانەوە هەیە. دوژمنی یەكەمیان زۆر ترسناك نییە، ئەگەر كێشەی ناوخۆیی نەبێت.
شايانى باسه یادگار سەید عەلى هەروەها گوتی: داعش دوژمنی دەرەكین، ئەگەر كێشەی ناوخۆییمان نەبێت، دوژمنی دەرەكی زۆر ترسناك نییە، من هیچ كاتێك دوژمنی دەرەكیم بە مەترسیی گەورە نەزانیوە، تەنانەت رژێمی سەدام حوسێن كە ئەنفال و كیمیابارانی كردین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دوژمنی دەرەكی تەنانەت ئەگەر خاكیشمان داگیربكات، ئەگەر ئێستا نەتوانین لێی بسەنینەوە، ئەوا نەوەكانی ئایندە هەر ئازادی دەكەن و لێی دەسەننەوە، بۆیە ئەگەر خۆمان یەكهەڵوێست و یەكڕیز بین و خۆمان لە ناوخۆمان یەكتری قبووڵ بكەین و كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، داعش چەند بەهێز بێت، ئەوا لە بەردەم ئیرادەی ئەم میللەتە ناتوانێت خۆی رابگرێت، بۆیە ئێستا شەڕی تیرۆیستانی داعش دووبەرەیە، بەرەیەكیان بەرەی سەربازییە و لەم بەرەیەدا پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە درێژایی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر شەڕی داعش دەكەن و خوای پەروەردگار هیدایەتی داون و سەركەوتنی گەورەیان بەسەر ئەو تیرۆریستانەدا بەدەستهێناوە، لەم بەرەیەدا ئەوان بە چەك و ئاگر هێرشمان دەكەنە سەر و پێشمەرگەش بە چەك و ئاگر تێكیان دەشكێنێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەید عەلى هەروەها گوتی: من قسە لەسەر كەموكورتیی وەزارەتی ئەوقاف لە كابینەیەكی دیاریكراودا ناكەم، بەڵكو پێموایە لە هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی ئەوقاف كەموكورتی هەبووەو لە ئاستی پێویستدا نەبووە، دەبوو زیاتر بایەخ بە مامۆستایانی ئایینی بدرایە، لەبەر ئەوەی مامۆستایانی ئایینی بەردەوام لەناو خەڵكدان و رۆژانە چەندین جار پێشنوێژیی دەكەن و رۆژانی هەینی گوتار دەدەن، لەم لایەنەوە وەك پێویست بایەخیان پێنەدراوە، لایەنیكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە هەموو دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان هەوڵیانداوە سوود لە ئایین وەربگرن بۆ سەركوتكردن و چەوسانەوەی نەتەوەی كورد، بەڵام كورد خۆی سوودی لەم ئایینە پیرۆزە وەرنەگرتووە بۆ بەرەوپێشەوە بردنی دۆزە رەواكەی، بۆیە گرنگ بوو لە زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لیژنەیەك دروست بكرێت، بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بكەن و رەوایەتیی كێشەی كورد بۆ ئەوان روون بكەنەوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1048)
