وەزیری دەرەوەی تورکیا: هەرێمی كوردستان كارەكتەری سەقامگیریی ناوچەكەیە
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 3-11-2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو خۆشحاڵیی خۆیی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە كە ماوەیەكە نیازی ئەو سەردانەی هەبووە، بەڵام لەبەر بارودۆخی ناوخۆی توركیا دەرفەت نەبووە زووتر ئەنجامی بدات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەكەدا دروستبوون كردوەو جەختی لەوە كردووەتەوە كە" پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بە تایبەتی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هێرشی تیرۆر و بنەبڕكردنی لە ناوچەكە بە یەكجاری".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد:" توركیا هەرێمی كوردستان بە كارەكتەری سەقامگیریی ناوچەكە دەزانێت، هەر بۆیە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندی و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوولا كارێگی گرنگ و سوودبەخشە بۆ ناوچەكە بە گشتی".
لە بەشێکی دیدارەکەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزباییی خۆی ئاراستەی خەڵكی توركیا كرد كە" سەركەوتووانە" كۆتاییان بە پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەكەیان هێنا و هیوای خواست" حكومەتی داهاتووی توركیا بە زووترین كات پێكبهێنرێت و ئەو پەیوەندییە تۆكمەیەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەبووە، بەردەوام بێت و زیاتر گەشەی پێ بدرێت".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها باسی لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان كردووەو لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە كێشە ناوخۆییەكاندا و دووپاتیكردەوە كە" لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ".
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد كە" هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەردەوامە، بەڵام هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری دۆستانی خۆی هەیە بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ترسی تیرۆر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە جگە لەو قەیرانە داراییەی كە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە".
وەزیری درەوەی تورکیا ئێوارەی رۆژی سێشەممە 3-11-2015 گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بڕیارە پێش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 4-11-2015 لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
رووداو
