عێراق چاوەڕوانی ھاتنی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە
سەعد حەدیسی وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتەدا ڕای گەیاند، عێراق چاوەڕوانی ھاتنی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا بەمەبەستی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ھەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە، کە تایبەتە بە ھەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراقی.
وتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکراشی کرد، کە ئەوان وەکو حکوومەتی عێراقی لەگەڵ ئەوەدان کە ھەمان ڕێککەوتننامەی ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا رێککەوتنی لەبارەوە بکرێتەوە.
ڕەتیشی کردەوە کە بۆ ٢٠١٥ حکوومەتی عێراقی پابەند نەبووبێت بە ڕێککەوتنەکەی پێشوو، گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بەو ڕێککەوتننامەیە و دواتر بڕیاری داوە بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە نەوت بفرۆشیت.
حەدیسی گوتیشی: ”حکوومەتی عێراقی پابەندە بە پێدانی ١٧% لە بودجەی عێراق بە ھەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ھەناردکردنی نەوتی خاو لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە، پاش بڕینی نەفەقاتی سیادی و حاکیمە، بەو رێژەیەی کە لە بودجەدا ئاماژەی پێ دراوە“.
راشی گەیاند، ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بەو ڕێککەوتنامەیەوە، ئەوا حکوومەتی عیراقی پابەند نابێت بە پێدانی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە و ھەروەھا پابەندیش نابێ بە پێدانی بەشەخۆراک و دەرمان و تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان و پشکی ھێزەکانی پێشمەرگە لە چەک و پێداویستی.
حەدیسی ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ھیچ زانیاریەکی نییە سەبارەت بە ھۆکاری پێنەدانی مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە تاوەکو ئێستا، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەدەستی گەیشتوون، لە لایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە، پشکی ھیزەکانی پیشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٥ لە چەک و پێداویستی دراوە.
بەڵام شاخەوان عەبدوڵا بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رەتی کردەوە کە بە ناوی بودجەی ٢٠١٥ ھیچ بڕە چەکێک بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە لە عێراقەوە رەوانە کرابێت.
گوتی: ”من خۆم لەگەڵ وەزیری بەرگری قسەم کردووە، خۆیان گوتیان ھیچ بڕێکی چەک بۆ ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بۆ ئێمە نەھاتووە، تاوەکو بیدەین بە پێشمەرگە، بەڵگەی بەوە ھێنایەوە کە بەپێی ماددەی ١٠ بڕگەی (ب) لە یاسای بودجە دەبوو تەخسیساتی پێشمەرگە بخرێتە سەر ھێزی وشکانیی عێراق، بەڵام تاوەکو یەک مانگ پێش ئێستا، ھیچ بڕێک نەخراوەتە سەر حسابی پێشمەرگە“.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە ئەگەر حەدیسی راست دەکات، بە ژمارەیەک بڵێت کە داویانە بە پێشمەرگە، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ چەواشەکردنی رای گشتییە، گوتی: ”ئەوەی ناردوویانە شتێک نییە شیاوی ئەوە بێت وەکو بەشی پێشمەرگە سەیر بکرێت، تەنیا ئەوانە بوون کە وەکو ھاوکاریەک ھاتوون، نەک ئەوەی کە بەسەر رەبایە و شوێنەکانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دابەش بکرێن، لەکاتێکدا کە پێشمەرگە راستەوخۆ لە شەڕی داعش و زیاتر لە ھەزار کیلۆمەتر شەڕی ھەیە، بەو پێیە دەبوو بڕی چەکی پێشکەرگە ٢٠-٢٥٪ بوایە“.
لای خۆیەوەش ھیڤا حاجی میرخان بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، بەپێی بەڵگەنامەیەک و ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی دارایی کوردستان دەستیان کەوتووە، حکوومەتی ناوەندی ١٠ تریلیۆن دیناری وەزارەتی پێشمەرگەی نەداوە، گوتیشی: ئەو موستەحەقاتانەی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٠٧ نەدراوە، چەندین جاریش داوا کراوە، بەڵام ھەر نەیانداوە، چونکە سیاسەتی ئەوان بەو شێوەیە بووە کە ھێزی پێشمەرگە پڕ چەک نەکرێت“.
بەھۆی نەناردنی بودجەی پێشمەرگەشەوە لە لایەن بەغداوە، ساڵانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٨٠٠ ملیار دیناری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخان کردووە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، جگە لەو پارەیەی پێشمەرگە، بەغدا ١٧ تریلیۆن دیناری تری ھەرێمی کوردستانی لە بواری دەرمان و بودجەی حاکیمە نەداوە و دەستی بەسەردا گرتووە.
ھاوکات ئەنوەری حاجی عوسمان بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوت: “لە ساڵی ٢٠٠٧ بودجەی وەزارەتی بەرگری جێگیر کرا، بەشە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەش خرایە سەر ئەو میزانیەیە، بەڵام بەغدا قەناعەتیان نییە ئەو پارەیە بدەن، چونکە سیاسەتی حکوومەتی عێراقی بووە کە بودجە بۆ پێشمەرگە تەرخان نەکرێت و پڕچەک نەکرێت“.
لای خۆیەوە ئاری ھەرسین سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ھەموو ئەوانەی وتەبێژی حکوومەتی عێراق دەیڵێت دوورن لە راستییەوە، ئەو بڕە چەکەی عێراق بۆ کوردستانی ناردووە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و ھەرگیز ناتوانرێ بەو بڕانە بگوترێ بەشە بودجە، گوتیشی: ”نە ئەمساڵ و نە ساڵانی رابردووش عێراق پابەند نەبووە بە ناردنی بڕی چەک و پێداویستییەکانی ھێزی پێشمەرگەوە“.
لەبارەی بڕی دەرمانیشەوە د. رێکەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەو بڕەی بەغدا ناردوویەتی تەنیا ٤٠-٤٥٪ی ئەو بەشە بووە کە بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.
گوتیشی: “بەشەکەی دیکەی بودجە حکوومەت، خۆی دەیکڕێت، ھێندەی بەدواداچوونیش کرابێت، کێشەکە تەکنیکی بووە نەوەکو سیاسی، واتە عێراق ھەر فریای کڕینی ئەوەندە دەرمانە کەوتووە و لەوەش چەندی بۆ پارێزگاکانی خۆی ناردووە ئەوەندەشی بۆ کوردستان ناردووە، بەو ھۆیەشەوە لە ساڵی ٢٠٠٤ تاوەکو ئێستا بەغدا ترلیۆنێک و ٣٠٠ ملیار دیناری کوردستان لە بواری دەرمان و پێداویستیی تەندروستی قەرزاری ھەرێمی کوردستانە“.
لەبارەی بەشە خۆراکیشەوە، ھەوڵی دا زانیاری لە بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی وەربگرێ، بەڵام ئاماژەیان بەوە دا زانیاریەکان پێویستی بە کاتە بۆ کۆکردنەوە و لە کاتی دیکەدا رای دەگەیەنن.
باسنیوز
