پێشمەرگە لە رۆژئاوای كەركووك تەقە لە دوو فڕۆكەی نەناسراو دەکەن
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 1-11-2015 دوو فڕۆكەی نەناسراو لە ئاسمانی میحوەری رۆژئاوای كەركووك دەبینرێن و لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە تەقەیان لێدەكرێت.
كەمال كەركووكی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند:" لەکاژێر 16:30 خولەک دوو فڕۆكەی نەناسراو ئاسمانی میحوەری رۆژئاوای كەركووكیان بەزاندووە، ئێمەش هێزەكانی هاوپەیمانانمان ئاگاداركردەوە، ئەوان پێیان راگەیاندین كە ئەو دوو فڕۆكە پەیوەندی بەوانەوە نییە، بۆیە هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی دۆشكە تەقەیان لێكردوەو لە ئاسمانی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک دووریان خستوونەتەوە".
كەمال كەركووكی گوتی:" هاوپەیمانان دەڵێن ئەو فرۆكانە هی ئێمە نین و وەزارەتی بەرگری عێراقیش دەڵێ هی ئێمە نییە، ئێمەش وەكو هێزێكی نەناسراو مامەڵەی لەگەڵ دەكەین و تەقەمان لێكردووە، چونكە لە 22ی مانگی رابردوو ئەمە چوارەمجارە ئەو فڕۆكانە ئاسمانی میحوەری رۆژئاوای كەركووك دەبەزێنن".
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێ ئاگایی خۆی لە بوونی فرۆكەی رووسی دەربڕی و گوتی:" ئەگەر فڕۆكەی رووسیش بێت پێویستە هەماهەنگی و ئاگاداركردنەوە لە نێوان ئێمەو هاوپەیمانان و عێراق هەبێت".
رووداو
