پاریس له‌بواری ئاوه‌دانی و ته‌كنۆلۆژیا و ژینگه‌ یارمه‌تی هه‌ولێر ده‌دات

پاریس له‌بواری ئاوه‌دانی و ته‌كنۆلۆژیا و ژینگه‌ یارمه‌تی هه‌ولێر ده‌دات
له‌دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی، سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس پاڵپشتیی تەواوی خۆی و هاوشارییانی پاریسی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئاگاداری بارودۆخ و تەحەدییاتی بەردەم هەرێمی کوردستانن و پشتیوانی پێشکەوتن و بووژانەوەی هەرێمی کوردستانن..گوتیشی كه‌ شاری پاریس لە بواری ئاوەدانی و تەکنۆلۆژیا و ژینگە، یارمەتیی شاری هەولێر دەدات و کار بۆ پێشخستنی پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو شارە دەکات.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ـی ١٠ـی ٢٠١٥ لە شاری هەولێر، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەریمی کوردستان پێشوازیی لە خاتوو (ئان هیدلگۆ) سەرۆکی شارەوانیی پاریس و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی شارەوانیی پاریس پاڵپشتیی تەواوی خۆی و هاوشارییانی پاریسی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئاگاداری بارودۆخ و تەحەدییاتی بەردەم هەرێمی کوردستانن و پشتیوانی پێشکەوتن و بووژانەوەی هەرێمی کوردستانن. سەرۆکی شارەوانیی پاریس ئەوەیشی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند کە شاری پاریس لە بواری ئاوەدانی و تەکنۆلۆژیا و ژینگە، یارمەتیی شاری هەولێر دەدات و کار بۆ پێشخستنی پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو شارە دەکات.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە پشتیوانی خەڵکی کوردستانن و لەکاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە و پێشوازیی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو شاری هەولێر و پاریس کرد. هەروەها بە ستاییشەوە باسی لە دۆستی گەلی کورد مادام میتران کرد کە پاڵپشتێکی گەورەی گەلی کوردستان بووە و پێزانینیشی بۆ سەردانی سەرۆک هۆلاند بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەکاتی شەڕ و تەنگانەدا سەردانی هەولێری کرد و ئەو سەردانە ئاماژەیەک بوو بۆ پەیوەندیی قووڵی هەردوو گەلی کوردستان و فەڕەنسا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە مەترسییەکانی تیرۆر بۆ سەر ئاساییشی جیهانی کرا و هەردوولا ئەوەیان دووپات کردەوە کە تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموولایەکە و پێویستە بە جیدی و هەوڵی هەموولایەک کار بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و بیری توندڕۆیی بکرێت. هەر لە دیدارەکەدا باس لە قەیرانی ئاوارە و پەنابەران کرا و ڕێگەکانی چارەکردنی ئەو کێشەیە تاوتوێ کرا.
جێی ئاماژەیە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ئالێن جیرات کونسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی دیدارەکە بوون.
Top