دەوڵەتی یاسا هەڕەشەى دوورخستنەوە لە عەبادى دەکات
کازم سەیادی ئەندامی فراکسۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "دەوڵەتی یاسا وەرەقەیەکی ئاراستەی حەیدەر عەبادی کردووە کە واژۆی ٤٥ پەرلەمانتاری لەسەرە و تیایدا داوا لە حەیدەر عەبادی کراوە، لەو بڕیارانەی کە دەریان دەكات،پێشێلکاری نەکات لە دەستوردا و بەر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و فراکسیۆنەکانی تردا بكات".
ئاماژەی بەوەش کرد "دەوڵەتی یاسا ٧٢ کاتژمێری بۆ عەبادی دیاری کردووە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و ئەگەر ملکەچی داواکارییەکان نەبێت ئەوا لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دووری دەخەنەوە".
هەروەها ڕاشیگەیاند "دەوڵەتی یاسا واژۆی تەواوی بۆ سەندنەوەی متمانە لە حەیدەر عەبادی کۆکردووەتەوە".
لەماوەى ڕابردوودا حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق ژمارەیەک چاکسازى دەستپێکردووە، ئەمەش بەرژەوەندى هەندێ لایەنى سیاسیى خستووەتە مەترسیەوە، بەتایبەتى پێگەى دەوڵەتى یاسا کە نورى مالیکى سەرۆکیەتى، ئەمەش واى لە دەوڵەتى یاسا کردووە بەئاسانى قبوڵى گۆڕانکارییەکان نەکات، چونکە هەموو گۆڕانکارییەکان بە قازانجى پێگەى عەبادى دەشکێتەوە و دەوڵەتى یاسا لاوازتر دەکات.
باسنیوز
