سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رێز له‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی تیمی دژه‌ تیرۆری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییش ده‌گرێت

 سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رێز له‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی تیمی دژه‌ تیرۆری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییش ده‌گرێت
(مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ مه‌به‌ستی رێزگرتن و خه‌ڵاتكردنیان پێشوازی له‌ تیمی دژه‌ تیرۆری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستانی به‌شدار له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی شەست و نۆ دیلی ناو زیندانی داعش له‌ حه‌ویجه كرد‌ و رایگه‌یاند "ئه‌و شه‌وه‌ی ئۆپەراسیۆنەکەتان ئەنجام دا، من سات بە سات بەدواداچوونم دەکرد و دڵم لەلاتان بوو. بۆیه‌ دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە ویستم له‌ نزیكه‌وه‌ بتانبینم و دەستخۆشیتان لێ بکەم".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27/10/2015 (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ مه‌به‌ستی رێزگرتن و خه‌ڵاتكردنیان پێشوازی له‌ تیمی دژه‌ تیرۆری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستانی به‌شدار له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی شەست و نۆ دیلی ناو زیندانی داعش له‌ حه‌ویجه كرد‌، كه‌ كاتژمێر 2ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 22/10/2015 به‌ هاوكاری هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مریكا به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام درا و زیاتر لە ٢٠ چەکداری داعش کوژران و ٦ تیرۆریست بە دیل گیران و سەربازێکی هاوپەیمانان گیانی لە دەست دا و سێ پیشمەرگەی هێزی دژە تیرۆر بریندار بوون.

له دیدارەكە‌دا، (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، سه‌رۆك بارزانی له‌ وته‌یه‌كدا وێرای زۆر به‌ گه‌رمی به‌ خێرهاتنیان و پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی لێكردنیان و ئاماژه‌دان به‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی دژه‌ تیرۆر رایگه‌یاند، ئه‌و شه‌وه‌ی ئۆپەراسیۆنەکەتان ئەنجام دا، من سات بە سات بەدواداچوونم دەکرد و دڵم لەلاتان بوو. بۆیه‌ دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە ویستم له‌ نزیكه‌وه‌ بتانبینم و دەستخۆشیتان لێ بکەم. سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ئێوه‌ مایەی سەربەرزیی گەلەکەتانن و مێژوویه‌كتان بۆ خۆتان و گەلەکەتان تۆماركرد، كه‌ ‌ به‌ مه‌شق و راهێنانی خۆتان قه‌ناعه‌تێكتان له‌لای هاوپه‌یمانان دروست كرد بێن له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا له‌ناو جه‌رگه‌ی دوژمن ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئەنجام بدەن.

(سه‌رۆك بارزانی) هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا باسی له‌ گه‌وره‌یی و ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كرد و رایگه‌یاند، به‌پێی زانیاری و به‌دواداچوونه‌كان، ئه‌و ئامانجه‌ی ئێوه‌ بۆی چووبوون ئامانجێكی زۆر گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام كاری مرۆیی و خێر له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێك بێت، زۆر گه‌وره‌یه‌، كه‌ ئێوه‌ بوونه‌ هۆی رزگاركردنی شەست و نۆ كه‌س، كه‌ لەلایەن تیرۆریستانەوە بڕیاری کوشتنیان درابوو.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا رایگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ ناوبانگی گه‌لی كورد و پێشمه‌رگه‌ به‌رزه‌، به‌ڵام به‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌، ئێوه‌ ناوبانگی گه‌لی كوردتان زیاتر به‌رز كرده‌وه و ئاماژه‌ی بەو‌ وتار و راپۆرتانه‌ كرد، كه‌ له‌ ئاستی میدیای جیهانیدا باس له‌ گه‌وره‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌موێنه‌ بوو.

(سه‌رۆك بارزانی) سه‌ره‌خۆشی له‌ سوپای ئه‌مریكا و كه‌سوكاری ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌ كرد، كه‌ له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا گیانی به‌خشی و هیوای به‌ په‌له‌ چاكبوونه‌وه‌شی بۆ بریندارانی تیمه‌كه‌ی دژه‌ تیرۆری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان خواست.

لە کۆتاییدا سه‌رۆك بارزانی خه‌ڵاتی رێزلێنانی به‌ تیمه‌ به‌شداره‌كه‌ی دژه‌ تیرۆر به‌خشی و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ خواستن.
Top