وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: پێشکەوتنەکانی پێشمەرگە تووشی سەرسووڕمانی کردووم

 وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: پێشکەوتنەکانی پێشمەرگە تووشی سەرسووڕمانی کردووم
ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن وەزیری بەرگری ئەڵمانیا سەردانی فێرگەی سەربازی پڵنگەکانی زێرەڤانی کرد لە بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر و رایگەیاند:" ئەو شەڕەی ئیوە دەیکەن بەتەنیا شەڕی ئێوە نییە شەڕێکە کە لەجیاتی هەموومان دەیکەن".

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا سەرسووڕمانی خۆی دەربڕی لە پیشکەوتنەکانی پیشمەرگە لە مەشق و راهێنانەکان و رایگەیاند:" من ئەمە جاری سێیەمە کە سەردانی ئێرە دەکەم و بە سەرسووڕمانەوە دەیبینم کە چ پیشکەوتنێک لە راهێنانەکاندا بەدی دەکرێن، من هێشتا لەبیرمە کە 8 مانگ پێش ئێستا چ گرفت و کۆسپێک هەبوو، بەڵام دوای ئەو 8 مانگە دەبینرێت کە چ پێشکەوتنێک لە راهێنانەکاندا دەبینرێت".

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە گوتارێکدا کە بۆ پێشمەرگەکانی ئامادەبوو لە فێرگەی سەربازی پڵنگەکانی زێرەڤانی پێشکەشیکرد، رایگەیاند:" رێز و پێزانینم بۆ ئەو پێشمەرگانە هەیە کە لێرەن و لە ماوەی 5 هەفتەدا مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت و دوای ئەوەی کە تەواو بوو دەڕۆنەوە بۆ بەرەکانی شەڕ، لەوێش کە پرسەکە پەیوەندی بە ژیان و مەرگەوە هەیە، ئەوان هەوڵدەدەن هەم ژیانی خۆیان و هەم ژیانی هاوپیشەکانیان بپارێزن".

ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن هەورەها گوتی:" ئێمە رێز و پێزانینمان هەیە بۆ ئەو کارانەی ئێوە لە چەند مانگی رابردوو لێرە ئەنجامتان داوە، چونکە ئەو شەڕەی ئێوە دەیکەن بەتەنیا شەڕی ئێوە نییە شەڕێکە کە لەجیاتی هەموومان دەیکەن".








رووداو
Top