پێش ئەوەی موسڵ ئازاد بكرێت دەبێت بەرنامەی ئەوە دابنرێت دوای داعش چۆن ئەو شارە بەڕێوەدەبرێت
دەیڤید پۆلۆك هەروەها گوتی: پێموایە هەر شەڕیك بۆ رزگاركردنی موسڵ بەبێ هێزەكانی حەشدی شەعبی باشترە. بەڵام دەمەوێت چەند شتێك بڵێم. پێموایە ئۆپەراسیۆنی موسڵ زۆر قورس دەبێت لەبەر ئەوەی موسڵ شارێكی گەورەیە و داعش چواردەوری كردووە بە لوغم و تەقەمەنی شاراوە. دووەم، كێشەی ئەگەری قوربانی مەدەنی هەیە لە موسڵ لەبەر ئەوەی شارێكی گەورەیە و خەڵكێكی زۆری تێدا دەژی، بۆیە ئەمە وادەكات زۆر ئاڵۆزبێت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان..
شايانى باسه پۆلۆك هەروەها گوتی: ئەگەر ئەمریكا بەشێك بێت لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری موسڵ، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەیەوێت هاوبەشەكانیشی زۆر وریابن لە كەمكردنەوەی قوربانیانی مەدەنی و ئەمەش ئاسان نییە و ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمە پێشتر پێویستی بە جووڵانی زیرەكانە هەیە، بۆ ئەوەی ئەو زیان و قوربانییانە كەمترین بن. پێموایە شتێكی تری گرنگ هەیە سەبارەت بە موسڵ، چونكە مەسەلەی سەرەكی دەڕپەڕاندنی داعش نییە لە موسڵ، بەڵكو ئەوەیە چی بكرێت لە خەڵكی شارەكە پاش رزگاركردنی، كێ شارەكە بەڕێوەدەبات و لە دواییدا و چۆن رێگری لە شەڕی نوێ بكرێت لە نێوان عەرەب و كورد و سوننە و شیعە، یان خێڵە جیاواز و پارتە سیاسییە جیاوازەكان، بۆیە دەبێت پلانێك هەبێت بۆ رۆژەكانی دواتر و پێشموایە ئەمە نەبێت و رێككەوتنی لەسەر نەكرابێت، دەبێت ئێستا باس لەوە بكرێت پێش ئەوەی دەست بە رزگاركردنی موسڵ بكرێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا دەیڤید گوتی: زۆركات ئیسڕائیل و كورد دوو هاوپەیمانی گرنگ و پشتپێبەستراون بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەڵام توركیاش هەر وایە. وەك ئەوەی ئێمە لە واشنتۆن دەیبینین هێشتنەوەی توركیا لەلای خۆمان و لای ئێوەش، واتە لەلایەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێشتنەوەی ئەو هاوڕێیەتی و هاوبەشییە بەڕاستی زۆر گرنگە. پێموانییە ئەگەر ئێمە هاوڕێ بین لەگەڵ توركیا—كە وایە—ئەوا دەتوانین هاوڕێی كوردستان و ئیسڕائیلیش بین لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی زۆری هاوبەشمان هەیە بەیەكەوە و بەدڵنیایەوە توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هاوڕێ ماونەتەوە سەرەڕای كێشەی گەورە لە ئێستادا لەناو توركیادا و ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرژەوەندیەكی زۆر هەیە لە هێشتنەوەی ئەم هاوبەشییە لە نێوان توركیا و ئەمریكا و كوردستان. دووەم ئەوەی من تێی گەیشتووم حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو حكومەتەیە كە دەبێت بڕیار لەبارەی سەربەخۆییەوە بدات و بڕیارەكەیان هەتا ئێستا و لە داهاتوویەكی دیار پێموایە زۆر مەترسیدارە و بۆ كورد ئۆتۆنۆمییەكی زۆر بەهێز و سەركەوتوو بەسە تا داهاتوویەكی دیار، چونكە راگەیاندنی سەربەخۆیی كێشەی گەورە دروستدەكات بە زۆری لەگەڵ توركیا و ئێران، نەك ئەمریكا، بۆیە ئەنقەرە و تاران زۆر تووڕە دەبن و ئەمەش قورس دەبێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە بەڕاستی ئەمە بڕیاری ئەمریكا نییە و یەكەمجار بڕیاری خۆتانە و پاشان دراوسێ نزیكەكانتان، بۆیە لەم قۆناغەدا سەربەخۆیی باش نییە و پێویستە جەختبكەنەوە لەسەر باشتركردنی ئەوەی كەهەتانە چەند دەتوانن بیپارێزن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1047)
