راگه‌یندراوی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سه‌باره‌ت به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆیه‌ك

 راگه‌یندراوی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سه‌باره‌ت به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆیه‌ك
مه‌كه‌تبی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پارتی داوای له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك كردبێ بۆ ئه‌وه‌ی نێوانگیری نێوان پارتی و گۆڕان بكات؛ راشیده‌گه‌یه‌نێ ده‌بێ سنوورێك بۆ گۆڕان دابنرێ تا چیدی سواری هه‌ندێ شه‌پۆلی ناڕه‌زایی و مانگرتنی هه‌ندێ چین و توێژ نه‌بێ و به‌لاڕێیان دانه‌بن.



ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌:

چەند رۆژێکە بەشێک لە دامودەزگا راگەیاندنەکانى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بە تەلەفزیۆن وسایت و رۆژنامە و، هەندێک لە راگەیاندنەکانى دەرەوەى هەرێمیش، باس لە نێوانگیرى (وساگه) پارتیمان لەگەڵ گۆڕان دەکەن. ئاگادارى هەموو جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان دەکەینەوە کە پارتیمان نە داواى نێوانگیری لە هیچ کەسایەتى و هیچ لایەنێکى سیاسى کردووە و نە بە پەسندیشى دەزانێ، لەبەرئەوەى هەڵوێستى پارتیمان رون و ئاشکرایە کە رووداوەکانى ئەم دواییە لەئاکامى رەفتارى ناشایستە و دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوەیى و نیشتمانیمان و دور لە عورفى سیاسى، گۆڕان هاتنە کایەوە.. لە کاتێکدا کە پیشمەرگە قارەمانەکان بە پشتیوانى جەماوەرى خۆراگرى کوردستان لە شەرێکى سەخت و دژواردان بە درێژاى زیاتر لە هەزار کیلومەتر بەرامبەر تیرۆریستانى داعش، هەروەها کۆمەڵێک قەیرانى سەپێندراو بەرۆکى خەڵکى خۆڕاگرى کوردستانی گرتووە، ئەوان خەریکى چەواشەکارى و پیلانگێڕین و منداڵ و مێرمنداڵانى چەند دەڤەرێک رێکدەخەن وهانیان دەدەن کە سوکایەتى بە بارەگاکانمان بکەن و بیانسۆتنین و هەرەشە لە سەر سەروماڵى ئەندام و کادیرانمان بێت و شەهید بکرێن و چەند کەسێک ببنە قوربانى ئەو پیلانەیان، ئینجا بیانەوێ لە سەرتاسەرى کوردستان ئاژاوە و پشێوى دروست بکەن و ناوبانگی هەرێم کوردستان ناشرین بکەن و نیگەرانى بۆ پێشمەرگە دلێرەکان و جەماوەرى دڵسۆزى کوردستان دروست بکەن، کۆى ئەم رەفتارو کردارانەى گۆڕان شایەنى ئەوەن سنوورێکیان بۆ دابندرێ تاچیتر سوارى شەپۆلى هەندێ نارەزایەتى و مانگرتنى رەواى چین و توێژەکان نەبن و بەلارێیان دانەبەن و، لە لایەن سەرجەم چین وتوێژەکانى کۆمەڵگاى کوردستان رەفز بکرێنەوە و رووبەڕووى سزادانى یاسایى ببنەوە. بۆیە سەر لەبەرى ئەو دەنگوباس و بڵاوکراوانەى باس لە نێوانگیرى ناوخۆى یان دەرەکى دەکەن رەت دەکەینەوە .

راگەیاندنى مەکتەبى سیاسى
پارتیى دیموکراتى کوردستان
26/10/2015
Top